زانکۆى جیهان-هەولێر ماراسۆنێکى بۆ منداڵانى توشبوی کۆنیشانەکانى داون بەڕێوەبرد
لە پێناو هاندان و پشتگیریکردنى منداڵانى توشبوی کۆنیشانەکانى داون ڕێزگرتن لە توانا و لێهاتوییان، زانکۆى جیهان-هەولێر بە هاوکاری پەیمانگەی منداڵان بۆ پەروەردەی دەروونى بەدروشمى (ڕادەکەین لە پێناو لەشێکى تەندروست) ماراسۆنێکى بۆ منداڵانى توشبوی کۆنیشانەکانى داون بەڕێوەبرد.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٢/٢/٢٠٢٣) بەئامادەبونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ئەمینداری دەستەى زانکۆى جیهان و، نەبەز حەمید قایمقامى ناوەندى هەولێر و پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، لە نێو جۆش و خرۆشى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کاتژمێر (١٠:٣٠) ماراسۆنەکە دەستپێکرد.
لەو ماراسۆنەدا، کە بەبەشدارى (٧٣) منداڵانی نەخۆشی داون بە تەمەنە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، منداڵان کێبڕکێیەکى زۆر بەهێزیان کرد بۆ بەدەستهێنانى پلەى یەکەم، لە ئەنجامدا سێ منداڵ توانیان پلەى یەکەم و دووەم و سێیەمى پێشبڕکێیەکە بەدەست بهێنن، بەوەش دیارى و خەڵاتى یەکەمبونیان لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و قایمقامى ناوەندى هەولێر پێشکەش کرا، هەر لەهەمان کاتدا دیارى بەسەر هەموو منداڵانى بەشداربوو دابەش کرا، ماراسۆنەکەش بووە مایەى خۆشحاڵى و بەسەربردنى کاتێکى خۆش بۆ منداڵان.
زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە دەستپێشخەر بوە لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى چالاکى مرۆیی و خۆبەخشى، ئامانجى سەرەکى ئەو ماراسۆنەش پیشاندانى توانا و لێهاتویی ئەو توێژە فەرامۆشکراوەى کۆمەڵگەیە، کە توانای فێربوون و کارکردن و خوێندن و وەرزشکردن و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەیان هەیە لە ئەگەری ئەوەی پشتگیری و پشتیوانی گونجاو لەبەردەستیاندا بێت.
ماراسۆنەکە لەلایەن سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر کارى ڕێکخستنى بۆ کرا و، لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر بوشرە عەلى سەرپەرشتى بەڕێوەبردنى کرا، هەروەک کۆمەڵێک لە فێرخوازانى بەشەکەش هاوکار و هەماهەنگ بوون.