زانکۆى جیهان-هەولێر کورسى خوێندن بێ بەرامبەر پێشکەش بە یەکەمەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی دەکات
زانکۆى جیهان-هەولێر لە دەستپێشخەریەکى نوێدا؛ کورسى خوێندنى بەخۆڕایی پێشکەش بە هەموو یەکەمەکانى پۆلى دوانزەى ئەمساڵى خوێندن دەکات.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پەیامێکى پیرۆزبایدا بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی لە سەرجەم دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی و پیشەیی لەسەرجەم ناوەندەکانى خوێندن دەکات، هەروەک پیرۆزبایی لە کەس و کارى دەرچوانیش دەکەین، ڕاشگەیاند زانکۆکەمان بۆ پاڵپشتیکردن لە بوارى زانست و بەردەوامیدان بەگیانى کێبڕکێى زانستى و هاندان و پشتیوانیکردن لە فێرخوازە بەتواناکان، بۆ ئەمساڵى خوێندن بڕیارماندا بەپێشکەشکردنى سکۆلەرشیپى تەواو (واتا خوێندن بەخۆڕایی) واتا بەڕێژەى (١٠٠%) بۆ هەموو یەکەمەکانى پۆلى دوازەى ئامادەیی لە لقەکانى (زانستى، وێژەیی و پیشەیی)، هەروەها بەڕێژەى (٧٥%) بۆ دووەمەکان و، بەڕێژەى (٥٠%)یش بۆ سێیەمەکان، وتیشى لە ئێستاوە سێ یەکەمەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی دەتوانن سەردانى زانکۆکەمان بکەن بۆ بەدەستهێنانى ئەو سکۆلەرشیپە لە بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر هەریەکەیان بەپێى پسپۆڕى و لقە زانستیەکانی خۆیان، بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
زانکۆى جیهان-هەولێر ساڵانە لە بوارى جیاواز سکۆلەرشیپ بەڕێژەى جیاواز و بەپێى نمرەکانیان پێشکەش بەدەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی دەکات، ئەم دەستپێشخەریەش دەچێتە پاڵ ئەو هەنگاو و کار و پڕۆژە جیاوازانەى، کە زانکۆى جیهان-هەولێر ساڵانە پێشکەش بەسێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵاى دەکات.