
زانکۆی جیهان-هەولێر لە ئاهەنگێکی شکۆداردا بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەخشیە (١٠٦٥) دەرچووی خولی شانزدەیەم
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 12, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 11/11/2026، زانکۆی جیهان-هەولێر بە شکۆ و شایستەییەوە ئاهەنگی خولی شانزدەیەمی دەرچووانی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بەڕێوە برد. لەم مەراسیمە گەورەیەدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەخشرا بە (١٠٦٥) دەرچوو لە (٢٢) پسپۆڕیی زانستیی جیاوازدا.
ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، دکتۆر نەوزاد یەحیی باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتیی زانکۆکانی جیهان، دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا،مونا قاوەچى قاوەچى سکرتێرى پەڕلەمانى کوردستان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سەرۆکی چەندین زانکۆی تری کوردستان و، ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە دیارەکان، میوانان و کەسوکاری دەرچووان بەڕێوە چوو.
دەستپێکی مەراسیمەکە:
مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی نیشتمان و خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێ کرد. پاشان وتاری سەرۆکی زانکۆ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و، وتاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلایەن دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزیر پێشکەش کران، کە تێیاندا پیرۆزباییی گەرم ئاراستەی دەرچووان کراو و ستایشی هەوڵ و پێگەی دیاری زانکۆی جیهان-هەولێر کرا لە پەرەپێدانی زانست و پەروەردەدا.
ستراتیژییەتی زانکۆ لە دروستکردنی ژێرخانی وڵات
دواتر دکتۆر نەوزاد یەحیی باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتی زانکۆکانی جیهان وتەیەکی پێشکەش کرد، لە دەستپێکی وتارەکەیدا، دکتۆر نەوزاد یەحیی باجگر خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە ١٦ ساڵە ١٦ قافڵەى زانستخوازییان بۆ بنیاتنانی ژێرخانی کوردستان پێشکەشى وڵات کرد، ڕاشیگەیاند لە زانکۆی جیهان ستراتیژییەتی «زانکۆی جیهان، کوردستانی ئاوەدان» پەیڕەو دەکرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە زانکۆی جیهان بە تەکنەلۆژیای سەردەم و ژیریی دەستکرد هەوڵی دروستکردنی ئایندی وڵات دەدەن، هەروەک جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە زانکۆی جیهان تایبەتمەندییەکەی لە ڕەخساندنی کاری تایبەتدایە.
فێربوونی بەردەوام:
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتی زانکۆکانی جیهان جەختی لەسەر فێربوونی بەردەوام کردەوە و بە دەرچووانی ڕاگەیاند: خوێندن و فێربوون پرۆسەیەکی هەتاهەتایە و دابڕان لە زانیاری دەبێتە هۆی پاشکەوتوویی. هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە سەردەمی بەجیهانیبوون و بەتاکگەرایی تاک دەتوانێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ژیریی دەستکرد کاری ساڵانێک لە یەک کاتژمێردا ئەنجام بدات، داواشی لە دەرچووان کرد ببنە مرۆڤی نێودەوڵەتی، خۆبەخش بن بۆ فێربوون و کۆمەڵگەکانیان و، کار و پرۆژەی خۆیان دروست بکەن.
سوێندخواردنی یاسایی، بەخشینی بڕوانامە:
بەشێکی دیکەی ئاهەنگەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی وتاری دەرچووان. دوابەدوای ئەوە، دەرچووان سوێندی یاسایییان خوارد و، سەرۆکایەتی بەشە زانستییەکانی زانکۆ داوای لە سەرۆکی زانکۆ کرد بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە دەرچوانیان بەخشێت. بۆ ئەوەش پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ داواکەی پەسەند کرد و بە فەرمی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە دەرچووانی خولی شانزدەیەم بەخشی.
دابەشکردنی خەڵاتەکان:
مەراسیمەکە بە دابەشکردنی خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر یەکەم و دووەم و سێیەمی سەر بەشە زانستییەکان و ئەنجامدانی چەندین چالاکی هونەری و جۆراوجۆر ڕازاوەتر کرا. دەرچووانیش خۆشحاڵی خۆیان بەم بۆنەیە دەربڕی و چەندین وێنەی یادگارییان لەگەڵ هاوپۆلەکانیان، کەسوکاریان و مامۆستایانیان گرت، وەک دوا ڕۆژ و وێستگەیەکی گرنگ لە ژیانی خوێندنیدا.



