شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا؛ ژمارەیەک دەرفەتى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ دەرچوانى زانکۆى جیهان هەولێر بەدەست دەهێنن
شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە بەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنامەى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى وارشۆ لە ساڵى (٢٠١٩) لەسەر چەندین بابەتى گرنگ ڕێککەوتنیان ئەنجامدا، بەتایبەت لە وەرگرتنى سکۆلەرشیپ بۆ دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆر.
ئەو ڕێککەوتنامەیە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٨/٥/٢٠٢٣) لە میانەى پێشوازیکردن و کۆبونەوەیەکى نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندى یاوەرى و دکتۆر کاتارزینا سپێچالسکا (Katarzyna Specjalska) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (Head of International Relations Office) لە زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان هات.
لەو کۆبونەوەیەدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكانى کرد، کە ساڵى ڕابردوو دەرفەتى کۆرسێکى خوێندنیان لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئیراسمۆس پڵەس بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕەخساند، هەر لەو چوارچێوەیەدا و، پاش تاوتوێکردنى پەیوەندییەکانیان، هەردوولا ڕێکەوتن لە سەر ئالوگۆری مامۆستایان و فێرخوازان بەتایبەت ڕێککەوتن لە سەر درێژ کردنەوەی پروگرامی (Erasmus-plus) تا ساڵى 2027 کرا، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا مانگى ئۆکتۆبەرى داهاتوو گروپێکى دیکە لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕەوانەى هەمان زانکۆ بکرێن، ئەم بەرنامەیە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتى دارایی دەکرێ و تایبەتە بە کۆرسێکى خوێندنى کورتخایەن.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، هەردوولا ڕێککەوتن، لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئێراسمۆس ماندۆس (Erasmus Mundus)، کە لەلایەن زانکۆى وارشۆ پاڵپشتى دەکرێ، دەرفەتى خوێندن بەدەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر درا بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆر، لەهەمان کاتدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەش کرا، کە مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى ئەو پرۆگرامەوە دەتوانن کۆرسێکى خوێندن لەو زانکۆیە بەدەستبهێنن، جگە لەوەش هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆکردنى فێرخوازان.