فێرخوازانى بەشى دارایی و بانگ سەردانى بانکى جیهان بۆ وەبەرهێنان دەکەن
بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاشنابوون بەچۆنیەتى ڕایکردنى کاروبارى بانک و پراکتیزەکردنى وانە تیۆرییەکان، سەرۆکایەتى بەشى دارایى و بانگ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بۆ بانکى جیهان بۆ وەبەرهێنان و تەمویلى ئیسلامى ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٨/٤/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستا ئومێد ئیبراهیم حسین، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشى دارایى و بانک بەشە جیاکانى بانکى جیهان بۆ وەبەرهێنان و تەمویلى ئیسلامیان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى بانکەکەدا، فێرخوازان دیدار و کۆبونەوەیان لەگەڵ لێپرسراوان و شارەزایان و (ساڵح خەتیب) ئەندامى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى بانکى جیهان کرد، لە میانەى دیدارەکەیاندا لەگەڵ ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى بەڕێوەبردن ئامۆژگارى فێرخوازانى کرد لە گرنگى و بایەخدانیان بە بوارى ژمێریارى، دەستپاکى، شەفافیەت و پاراستنى سەرچاوەى ئەو دامەزراوەیەى کە کارى تێدا دەکات، چونکە هەموو ئەوانەى تایبەتمەندى سەرەکى کارمەندى بانک و پێویستە فێرخوازانیش لە ژیانى خوێندنیاندا پەرە بەو لایەنانەى خۆیان بدەن تا لە داهاتوودا بتوانن ببنە یەکێک لە فەرمانبەرانى بانکەکان.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، ئاشنایى وردەکارى کارى بەشەکان و چۆنیەتى ڕاپەڕاندنى کاروبارى بانک بوون، لەهەمانکاتدا دەرفەت بەسەرجەم فێرخوازان درا تا پرسیارەکانیان ئاراستەى لێپرسراوان و کارمەندانى بەشەکانى بانکەکە بکەن، پرسیارەکانیش تایبەت بوون بەژینگەى کارکردن و، چۆنیەتى بەدەستهێنانى دەرفەتى کارى گونجاو، ڕووبەڕووبونەوەى ئاستەنگەکان لە ژیانى ڕۆژانەى بانک، بەو هۆیەشەوە فێرخوازان بەگرنگیەوە لەو سەردانەیان ڕوانى و خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا کە لە نزیکەوە ئەم سەردانەیان بۆ ڕەخسا و ئاشناى کاروبارەکانى بانک بوون.
زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە ڕژى دامەزراندنیەوە بایەخێکى ئیجگار زۆر دەدات بەبەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار و، ئاشناکردنى فێرخوازان بەژینگەى کارکردنى داهاتوویان، بۆ ئەوەش ساڵانە بەشە جیاکانى زانکۆ چەندین سەردانى لەو شێوەیە بۆ فێرخوازانى دەڕەخسێنى.