فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێکی خێرخوازییان بە ناوی (صوغه رمضانية) بەڕێوەبرد
بەدروشمی “چاکەکردن و هێنانی خەندە بۆ کەسانی تر” و، لە چوارچێوەی چالاکییە خێرخوازى و کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن سەرۆکایەتی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەدەبرێ، فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە ڕۆژانى (١٥و١٦/٣/٢٠٢٤) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر عومەر حەسەن هەڵمەتێکی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکى ڕەمەزانیان بە ناوی ” صوغه رمضانية ” بەڕێوەبرد.
لەو هەڵمەتەدا، کە (صفوان بهاء الدين و سلوى شعلان) فێرخوازانى قۆناغى دووەم ڕێکیان خستبوو ، لەسەرەتادا بانگەوازێکیان بڵاوکردەوە بەو هۆیەشەوە فێرخوازان و مامۆستایان بەدەم هەڵمەتەکەوە چون و بەشدارى کاریان لە کۆکردنەوەی هاوکاری لە خێرخوازان لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆ بۆ هەڵمەتەکە کرد و، بەهۆیەوە کۆمەڵێک سەبەتەى خۆراکى مانگى ڕەمەزانیان بۆ خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان ئامادەکرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و دواى دەستنیشانکردنى خێزانە کەمدەرامەتەکان و منداڵانی بێ باوک، ئینجا هاوکاری و سەبەتەى خۆراکیان بەسەریاندا لە چەند گەڕەکێکى ناو شارى هەولێر و ناحیەى کەڵەک و چەند ماڵێکى نێوان ڕێگەى هەولێر و مەخموور دابەش کرد.
شایانی باسە زانکۆی جیهان-هەولێر یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە کەرتە جیاوازەکانیدا، ئەوەش لە پێناو بەرزکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی و هاوکارییە لە نێو فێرخوازان.