فێرخوازانى زانستى کۆمپیوتەر سەردانى کۆمپانیەکى ئینتەرنێت دەکەن
بەئامانجى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتى کارکردن لە کۆمپانیاکانى ئینتەرنێت، سەرۆکایەتى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٨/٥/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (علياء اسعد مهدي) بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغى سێیەم سەردانى کۆمپانیاى (تیشک نێت بۆ ئینتەرنێت)یان لە شارى هەولێر کرد.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن (ئەژين خدر عمر) بەڕێوەبەرى فرۆشتن لە کۆمپانیاکە و( علي برهان الصفار) بەڕێوەبەرى پرۆسەکان لە کۆمپانیاکە پێشوازیان لێکرا، ئینجا لە میانەى سمینارێکدا ( علي برهان الصفار) کورتەیەکى لەبارەى کارى کۆمپانیاکەیان و مێژوى دامەزراندنیان بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەها باسى لە چۆنیەتی کارکردنی پرۆگرامەکانیان و، هەروەها دابەشکردنی تاوەرەکان و ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە کۆمپانیاکە لە کارپێکردن و بەڕێوەبردنی سیستمی ئینتەرنێتدا بەکارى دەهێنن بەوردى بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە.
لە کۆتایشدا، فێرخوازان بەشەکانى کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە و، بەشێوەیەکى مەیدانى و لە نزیکەوە ئاشناى شێوازەکانى کارکردن لە کۆمپانیاى ئینتەرنێت بوون.