فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ لە پۆڵندا مۆزەخانەی سەربەخۆیی نەریتی وۆچ بەسەردەکەنەوە
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ کە لە چوارچێوەى ڕێکەوتنامەیەک بۆ ئاڵوگۆڕى فێرخوازان لە ئێستادا لە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) دەستیان بە خوێندن کردوە بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە، لە پەراوێزى خوێندنەکەیاندا سەردانى مۆزەخانەی سەربەخۆیی نەریتی وۆچ (The Museum of Independence tradition of Lodz)یان کرد و بەشە جیاکانیان بەسەرکردەوە.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتوون لە هەریەک لە دینا عەلى حەسەن و ذەنون سەعد ذەنون و سیبان نەوزاد ئیسماعیل لە بەشی (شیکاریی کیمیایی پزیشکى) و، ڕەیا ئەمیر عبدالجبار و سیدرا نیهاد اسحق عیسى لە بەشى (کارگێڕى کار) و شیوەر رژدى محەمەد لە بەشى (پەروەردەى گشتى)، ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٩/١٠/٢٠٢٤) لە شارى وۆچ سەردانى مۆزەخانەی نەریتی سەربەخۆیی ناسراو بە رادۆگۆسچ (Radogoszcz) یان کرد، کە تایبەتە بە پیرۆز ڕاگرتنى ناو و ناوبانگ و یادکردنەوەى قوربانیانی دووەمین جەنگی جیهان، بەشێوەیەکى گشتى مۆزەخانەکە لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشێکى یەکەمى بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە لە شەقامێکی شاری وۆچ دەچێت لە ماوەی ساڵانی داگیرکردندا، هەروەک بەشێکى دیکەیان تەرخانکراوە بۆ مێژووی باڵەخانەکان پێش ئەوەی ببنە شوێنی لەسێدارەدان، لە بەشى سێیەمیشدا ژیانی ڕۆژانەی زیندانیانى ناو گرتوخانەکە پیشان دەدات، هاوکات لە مۆزەخانەکەدا نامەی زیندانییەکان و چاپخانەکان و کارتی یاریکردن و سێتی شەترەنج و…چەندین کەلوپەلى دیکەى زیندانیان و، کات بەسەربردنى زیندانیەکان و کەرستەکانى لەسێدارەدانى تیادا نمایشکراوە.
سەردانەکە بووە وێستگەیەک بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە مێژوى سیاسى و کەلتور و دۆخى گرتوخانەکانى پۆڵندا، بەتایبەت لە سەردەمى ساڵانى جەنگى دووەمى جیهانى و ئەو ناسۆر و ئازارانەى بەسەر گەلى پۆڵندیدا هاتووە.