فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر، لەگەڵ فێرخوازانى زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ (Zhejiang)چینی گفتوگۆى کەلتورى دەکەن
وەک هەنگاوى یەکەمى پراکتیزەکردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەى نێوانیان، زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ (Zhejiang International Studies University) گفتوگۆیەکى کەلتورییان بۆ فێرخوازانیان ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٧/١٢/٢٠٢٣) لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەى ئۆنلاین؛ گفتوگۆیەکى کراوە و ڕاستەوخۆ لە نێوان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ (Zhejiang International Studies University) بەڕێوەچوو.
گفتوگۆکە بە وتەى سەرۆکى بەشە زانستیەکان لە هەردوو زانکۆ دەستیپێکرد، کە تیدا باسیان لە زانکۆکانیان و چۆنیەتى گەشەکردن و سیستمى خوێندنیان لە بەشە زانستیەکانیان کرد و، ئەزمونى کارى ئەکادیمی خۆیان بۆ یەکتر باسکرد.
پاشان دەرگاى گفتوگۆکردن بۆ فێرخوازان کرایەوە، باسیان لە بوارى مێژوو، ئەدەب، کەلتور و ژیانى ڕۆژانەى زانکۆ لە هەرێمى کوردستان و کۆمارى میللى چین بۆ یەکتر کرد، هاوکات فێرخوازان باسیان لە تەکنەلۆژیا و چۆنیەتى بەکارهێنانیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە جوانى لایەنى کەلتور و مێژویی و ئەدەبى و زانستى هەرێمى کوردستان و عێراقیان بۆ فێرخوازانى چینى باسکرد.
لە گفتوگۆ ڕاستەوخۆیەدا، کە زیاتر لە دوو کاتژمێرى خایاند، فێرخوازانى هەردوو زانکۆ ئارەزویان بۆ بەردەوامیدان و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان و جێبەجێکردنى پڕۆژەى زانستى و کەلتورى هاوبەش دووپاتکردەوە.
ئەم گفتوگۆیە بەرئەنجامى ڕێککەوتنامەیەکى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و، زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگە، کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣) لە کۆمارى میللى چین لە نێوان دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی بە نوێنەرایەتى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پڕۆفیسۆر دکتۆر شینگ فۆکۆن (Prof. Dr. Xing Fukun) ڕاگری کاروبارى فێرخوازانى نێودەوڵەتی و ستافی ئەکادیمی بە نوێنەرایەتى زانکۆی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ژێجیانگ واژۆیان کرد، کە چەندین خاڵ و بڕگەى گرنگى لە خۆگرتووە.