فێرخوازانى ژمێریاری کۆمپانیایەکى بوارى نیشتەجێبوون بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتى (24/11/2022) سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى دکتۆر هاشم محمد خیر سافى سەردانێکى مەیدانی بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەم بۆ کۆمپانیای دریم سیتی بۆ نیشتەجێبونیان لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەگەڵ زەید محمد بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکە کۆبونەوە، کە تیایدا بە وردی باسی مێژووی کۆمپانیاکەیانى بۆ فێرخوازان کرد، ئینجا ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى شێوازى کارکردن بەتایبەت لە بوارى دارایی کۆمپانیا پێشکەش بەفێرخوازان کرد و وتى: داهاتى کۆمپانیاکەمان جۆراجۆرن، لەوانەش نموونەی بەداهاتى خزمەتگوزارییەکانی هێنایەوە، کە ڕۆژانە پێشکەش بەدانیشتوانى پڕۆژەکەیان دەکەن.
دواتر مامۆستا و فێرخوازان لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمێریاری کۆمپانیاکە کۆبوونەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرى ژمێریارى باسی لە چۆنیەتی تۆمارکردنی کارەکانی ژمێریاری کۆمپانیا، داهاتی کۆمپانیا، پۆلەکانی ژمێریاری کۆمپانیا، تۆماری ئەژمێری کڕیار، داشکاندن، خەرجییەکانی کۆمپانیا و چۆنیەتی حیسابی خەرجییەکان بەوردى بۆ فێرخوازان باسکرد.