فێرخوازانى کارگێڕی کار پڕۆژەیەکى نیشتەجێبون بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (29-11-2022)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر بوشرە عەلی سەردانێکی مەیدانی بۆ گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بۆ بەسەرکردنەوەى پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزاری (Erbil Hills) لە شارى هەولێر ڕێکخست.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن ڕەهیڵ گۆران پسپۆڕی فرۆشتن و مارکێتینگ لە پرۆژەکەدا پێشوازیان لێکرا، ئینجا یاوەریکردن و، لە میانەى بەسەرکردنەوەى ماستەر پلانى پڕۆژەکە کورتەیەکى لە بارەى میکانیزمی پەرەپێدانی پڕۆژە تا گەیشتن بە دروستکردنى شوقە و ڤێلا گەیاندنى بە کڕیاران بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەک ئەو باسیکرد پڕۆژەکەیان بە شێوەیەک دیزاین کردوە کە جگە لە گەرەنتی جێبەجێکردنی پێداویستییە جیاوازەکانی کڕیاران، لەهەمان کاتدا هەموو پێداویستیەکانی ژیان بۆ دانیشتوانی پڕۆژەکە دابینکراوە. دواتریش بەوردى باسى لە چۆنیەتى بەبازاڕکردنى پڕۆژەکەیان بە بەرزترین ڕێژەی فرۆشتن کرد.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانی پڕۆژەکەیان بەسەرکردەوە، کە بریتین لە شوقە و ڤێلا و باخچە و ئاو ..هتد. سەردانەکە بووە دەرفەتێک بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بە میکانیزمەکانی مارکێتینگ و، پێویستی بەدواداچوونی بەردەوام لەگەڵ کڕیار تا دەگاتە قۆناغی چۆنیەتى باوەڕپێهێنانى تەواو لە کڕینەکەدا، ئەوە جگە لە ئاشنابوون بەچۆنیەتى بەڕێوەبردنى ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکرێت بەکۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری لە پڕۆژەیەکى هاوشێوە دەکرێ.