
فێرخوازانی بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك بە سەردانێکی زانستی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری (DIT) بەسەردەکەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 11, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 10/11/2026، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر مەریوان خلیل سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارى (DIT) سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
ئاشنابوون بە فەرمانگەکە:
سەرەتا فێرخوازانى زانکۆ و مامۆستاى سەرپەرشتیار لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسان و شارەزایانی فەرمانگەکەوە پێشوازیی گەرمیان لێ کرا، پاشان ڕێڤان بەزاز بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی پاشگری KRD و بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان، ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی ژێرخانی تەکنیکی، پەرەپێدانی سۆفتوێر، ئۆپراسیۆنەکانی (DevOps) و ئاسایشی سایبەری و، دەستەبەرکردنی کوالێتی پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
هەروەها دەشتی فریاد جێگری سەرۆکی بەشی گەشەپێدانی دیجیتاڵی لە فەرمانگەکە باسى چۆنیەتیی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان و ڕێکارە کارگێڕییەکانیان کرد بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کاریگەری، ئاسانکاری لە دەستگەیشتن و باشترکردنی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان.
بەسەرکردنەوەى بەشەکانى فەرمانگە:
پاشان شکار تەیب نووری سەرۆکی بەشی ئۆپراسیۆنەکانی گەشەپێدان (DevOps) و، فاروق شەریف ئەندامی تیمی دەستەبەرکردنی کوالێتی و گەیاندنی دیجیتاڵی و ئیدریس محەممەد جێگری سەرۆکی بەشی ژێرخان و سەنتەرەکانی ئۆپراسیۆنی تۆڕ و ئاسایش (NOC/SOC) باسیان لە لایەنە جیاوازەکانى دیکەى کارى فەرمانگەکەیان کرد، پاشانیش دەرفەت بە فێرخوازان درا بەشێوەیەکى مەیدانى بەشەکانى فەرمانگەکە بەسەربکەنەوە و، بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى ژینگەى کار و چۆنیەتى کارکردنى فەرمانگە ببن.
ئەنجامى سەردانەکە:
لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاسى بەرپرسانى فەرمانگەکە بەگشتى و، ڕێڤان بەزاز بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی پاشگری KRD و بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانیان بەتایبەت کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و سیستمەکانی ئاسایشی زانیاری لە دامەزراوە حکومییەکان.
You may also like


