فێرخوازانی بەشى ژمێریاری ئاشنای سیستمە دارایی و کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا دەبن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧/١/ ٢٠٢٦، بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان–هەولێر، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشەکە بۆ “بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەولێر – لقی ١” ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی دکتۆر (هاشم سافی) بەڕێوەچوو.لە کاتی گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لە لایەن (تەڵعەت محەممەد) بەڕێوەبەری فەرمانگە و (سامان یاسین) بەڕێوەبەری ژمێریاری بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە دیدارێکدا، ڕوونکردنەوەی ورد و گشتگیر دەربارەی سروشتی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و سیستمە کارگێڕی و ژمێریارییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرا، بەتایبەت باس لە “دابەشکردنی کارەبا، پرۆسەکانی دەرکردنی پسولە (Billing)، کۆکردنەوەی داهات و چاودێری دارایی ناوخۆیی” کرا.
هەر لە میانەی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئاشنای ئەو ڕێکارانە بوون کە بۆ تۆمارکردنی خوێندنەوەی پێوەرەکان، دەرکردنی فۆتەرا، بەدواداچوونی کۆکردنەوەی پارە و ڕێکارەکانی وردبینی ناوخۆیی پەیڕەو دەکرێن، کە ئامانج لێی دڵنیابوونەوەیە لە وردی داتا ژمێریارییەکان. هەروەها ڕۆڵی بەشی ژمێریاری لە کۆنترۆڵکردنی داهات و خەرجییەکان، شێوازەکانی ئامادەکردنی تۆمار و ڕاپۆرتە داراییەکان و گرنگی هەماهەنگی نێوان بەشە جیاوازەکان بۆ فێرخوازان ڕوونکرایەوە.
هاوکات، بەڕێوەبەری ژمێریاری باسی لە میکانیزمی کارکردنی ژمێریاری لە ناو فەرمانگەکەدا کرد، لەگەڵ ئامادەکردنی ڕاپۆرتە داراییە مانگانە و ساڵانەکان و گرنگی دۆکیومێنتکردنی وردی مامەڵەکان بۆ دابینکردنی شەفافیەت و پاڵپشتیکردنی بڕیارە کارگێڕییەکان. تیشکیش خرایە سەر ڕۆڵی چاودێری ناوخۆیی لە دۆزینەوەی هەڵەکان و ڕاستکردنەوەیان.
ئەم گەشتە زانستییە دەرفەتێکی باشی بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا پەیوەندی لە نێوان وانە تیۆرییەکانی وەک “ژمێریاری حکومی”، “بەڕێوەبردنی داهات” و “سیستمەکانی چاودێری ناوخۆیی” لەگەڵ ژینگەیەکی ڕاستەقینەی خزمەتگوزاریدا دروست بکەن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دکتۆر هاشم سافی سوپاس و پێزانیانی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەولێر – لقی ١ کرد بۆ پێشوازی و هاوکارییان.







