فێرخوازانی بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى سەردانێکی زانستییان بۆ سەنتەری “قەڵا” بۆ سۆنەر و تیشک ئەنجام دا
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییە مەیدانییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٦/١/٢٠٢٦)، سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی، سەردانێکی زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ سەنتەری “قەڵا” بۆ سۆنەر و تیشکی دەستنیشانکار ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عەبدولعەلیم) و یاریدەدەری تاقیگە (بەرزین کەمال) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لە لایەن دکتۆر (ئەحمەد زیا)، پسپۆڕی تیشک، پێشوازی لە فێرخوازان کرا، پاشان ڕوونکردنەوەیەکی زانستی و پراکتیکی تێروتەسەلی دەربارەی ئامێرەکانی وێنەگرتنی تیشکی دیجیتاڵی (Digital Radiography) پێشکەش بە فێرخوازان کرد. دواتریش دەرفەتى بە فێرخوازاندا بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە ئامێرەکانی تیشکی سینی (X-Ray) و بەکارهێنانەکانی بوون لە دەستنیشانکردنی شکان، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی ئێسک و سنگ لە تاقیگەکەیان، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان زانیارییان دەربارەی ئامێری دەنگدانەوەی موگناتیسی (MRI) و ڕۆڵی لە وێنەگرتنی شانە نەرمەکان و کۆئەندامی دەمار وەرگرت، لەگەڵ ئاشنابوون بە ئامێری (DEXA) کە بۆ پێوانەکردنی چڕیی ئێسک و دەستنیشانکردنی پووکانەوەی ئێسک بە وردییەکی بڵند بەکاردێت.
جگە لە لایەنی تەکنیکی، فێرخوازان ئاشنای ژینگەی کار و کارنامەی ڕۆژانەی ناو بەشی تیشک بوون؛ لە پێشوازیکردنی نەخۆش و چارەسەرخواز و ئامادەکردنی بۆ پشکنین تاوەکو ئەنجامدانی پشکنینەکە و ڕادەستکردنەوەی ئەنجامەکان. لە میانی ڕوونکردنەوەکانى کارمەند و پزیشکانى تاقیگەکەدا، جەخت لەسەر بنەماکانی مامەڵەی پیشەیی و مرۆیی لەگەڵ نەخۆش و گرنگیی پەیوەندییەکی دروست بۆ دڵنیاکردنەوەیان کرایەوە. هاوکات، پابەندبوونی تەواو بە ڕێکارەکانی سەلامەتیی تیشکی (Radiation Safety) و پاراستنی نەخۆش و ستافی پزیشکی لە کاتی پشکنینەکاندا وەک تەوەرێکی سەرەکی باس کرا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کارگێڕیی سەنتەری قەڵا کرد بۆ ئەو دەرفەتە و ئەو زانیارییە بەپێزانەی کە پێیان بەخشرا.








