فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان سیمینارێک دەربارەی وەرگێڕان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پێشکەش بە فێرخوازانى پەیمانگەى جیهان دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 13/10/2026، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی وەرگێڕان لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سیمینارێکیان پێشکەش بە فێرخوازانی بەشی بەڕێوەبردنی کارگێڕی لە پەیمانگەی جیهان کرد.
سیمینارەکە بە ناونیشانی «وەرگێڕان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وەک بەشێک لە پرۆسەی نووسین» بوو، کە بە مامۆستای یاریدەدەر سەرپەرشتیی زینا مەحمود ئەمین، بەڕێوەچوو. لە کاتی گەیشتنی فێرخوازان و مامۆستاکەیان، لەلایەن محەمەد حەسەن ئاغا، سەرۆکی بەشی بەڕێوەبردنی کارگێڕییەوە پێشوازییان لێکرا.
سیمینارەکە بەوە دەستی پێکرد کە فێرخواز مادلین ئەنوەر عەبدولعەزیز داوای لە بەشداربووان کرد یەکێک لە بابەتە پێشنیارکراوەکان هەڵبژێرن. پاشان، فێرخوازان بە گرووپ کارەکانیان ئەنجام دا و پەرەگرافێکیان لەسەر بابەتی هەڵبژێردراوی هەر گرووپێک نووسی.
دوای ئەوەی هەر گرووپێک نووسینی پەرەگرافەکەی تەواو کرد، فێرخواز هیند موسەننا حەسەن چەند پرسیارێکی دەربارەی ئەو هەنگاوانە ئاڕاستەی بەشداربووان کرد کە پێش نووسین، لە کاتی نووسین و دوای نووسین پەیڕەویان کردبوون. ئەم گفتوگۆیە هانی فێرخوازانی دا بیر لە ئامادەکاری، بەرهەمهێنانی بیرۆکە و پرۆسەی بڕیاردانی خۆیان بکەنەوە و درک بە گرنگیی چالاکییەکانی پێش نووسین بکەن بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی نووسراوی ڕێکخراو و پەیوەست.
لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا، فێرخواز عەبدوڵڵا ثامر عەبدولڕەحمان، پرۆسەی نووسین، گرنگییەکەی و قۆناغە سەرەکییەکانی بۆ بەشداربووان ناساند و هەر قۆناغێکی بە نموونەی گونجاو ڕوون کردەوە. هەروەها جێبەجێکردنی پرۆسەیی لەسەر تەکنیکەکانی پێش نووسین پێشکەش کرا بۆ ئەوەی فێرخوازان باشتر تێبگەن چۆن بیرۆکەکان بەرهەم بهێنن و پێش دەستپێکردنی نووسینی ڕەشنووس ڕێکیان بخەن. پاشان، لە هەر گرووپێک داوا کرا بیرۆکەکانی خۆی ڕوون بکاتەوە و، تێبینی و ڕێنمایی بونیادنەرانە پێشکەش کرا بۆ یارمەتیدانی فێرخوازان لە باشترکردنی تواناکانی نووسین و گەییشتن بە تێگەیشتنی قووڵتر لە پرۆسەی نووسین.
لە کۆتاییدا، سیمینارەکە جەختی لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی قۆناغەکانی پرۆسەی نووسین لە هەموو جۆرەکانی نووسیندا کردەوە، بە بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، هەڵبژاردنی زمانی گونجاو و وەرگێڕانی وردی بیرۆکەکان بۆ زمانی ئینگلیزی پێش دەربڕینیان بە شێوەی نووسراو. هەروەها بەشداریی چالاک و هاوبەشیکردنی ئەرێنیی فێرخوازان لە چالاکییەکاندا ستایش کرا.
