Back

فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی بە چالاکیەک ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی دەکەنەوە

هاوتەریب لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی تەندروستیی دەروونی، فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 11/10/2026، وۆرکشۆپێکی زانستی و هۆشیاریی تایبەتمەندی لە هۆڵی (VIP) بەڕێوەبرد.

وۆرکشۆپەکە بە سەرپەرشتیی هەریەک لە دکتۆر ڕۆژان عەلی خدر و مامۆستاى یاریدەدەر دەشنێ عەبدوڵڵا سەعید و، بە ئامادەبوونى  پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار کەریم سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و فێرخوازان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و  فێرخوازانی پسپۆڕییە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، تیادا چەند بابەتێک پێشکەشکرا.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتا دکتۆر ڕۆژان عەلی خدر سەرپەرشتیارى وۆرکشۆپەکە دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان، ئینجا باسى لە  چەمکی تەندروستیی دەروونی کرد و، تیشکى خستە سەر سەقامگیریی دەروونی و ڕەنگدانەوەى لەسەر لایەنى ئەکادیمیی فێرخوازان و ژیانی ڕۆژانەیان.

پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى بابەتەکانیان پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا ژیلە حەسەن عومەر فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشى پەروەردەى گشتى، ڕەهەندەکانی فشارە دەروونییەکان و لێکەوتەکانی خستەڕوو، لە لایەن خۆشییەوە، ماردین شێرزاد عومەر فێرخوازى قۆناغى سێیەم، بەوردی سیماکانی تێکچوونی خەمۆکیی گەورەی (MDD) لە ڕووی نیشانەکان و ڕێگەى چارەسەر کرد.

لە هەمان چوارچێوەدا، هەردوو فێرخواز شانۆ ڕوشدی فێرخوازى قۆناغى سێیەم و شیوار ڕوشدی فێرخوازى قۆناغى چوارەم ڕونکردنەوەیەکى زانستى و کرداریان لەبارەى تێکچوونەکانی دڵەڕاوکێ پێشکەشکرد، ئەوەش لە ڕێگەی بەراوردکارییەک کە جیاوازی لە نێوان دڵەڕاوکێی سروشتی و نەخۆشیدا کرد، بە خستنەڕووی بڕگەکانی ترسی کۆمەڵایەتی، تێکچوونی دڵەڕاوکێی گشتی (GAD)، و وەسواسی (OCD).

پاشان مازن شێروان موستەفا فێرخوازى قۆناغى چوارەم لە بەشى پەروەردەى گشتى جۆرەکانی ترسی دیاریکراو (Phobia) و کاریگەریی نەخۆشییە دەروونییەکان لە ئاڕاستەکردنی ڕەفتاری تاک و ئاڵۆزکردنی ڕێڕەوی فێرکاریدا خستەڕوو.

وۆرکشۆپەکە بە گفتوگۆیەک لە نێوان ئامادەبووان و پێشکەشکاراندا کۆتایی هات، لە کۆتایشدا دکتۆر ئەحمەد عەبد عەون، سەرۆکی بەشى پەروەردەى گشتى بڕوانامەی ڕێزلێنانى بەسەر بەشداربووانی وۆرکشۆپەکەدا دابەش کرد.