فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی وانەیەکی نموونەیی بە شێوازێکی مۆدێرن لە قوتابخانەی دابان پێشکەش دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، دوو فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانی قوتابخانەی دابانی حکومییان کرد بە مەبەستی پێشکەشکردنی وانەیەکی نموونەیی.
ئەم چالاکییە مەیدانییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دەشنێ عەبدوڵا سەعید) بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان هەردوو فێرخواز (زەهرا ئەحمەد و ئیلاف کەنعان) لەلایەن خاتوو (نەرگس ئامانج) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و دەستخۆشی لەم جۆرە هەماهەنگییانەی نێوان زانکۆ و قوتابخانەکان کرا. پاشان ناوەڕۆکى وانەکەیان کە تایبەت بوو بە “هاندانی فێرخوازان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی”، بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن و کارا پێشکەشى قوتابیانى قوتابخانەکەیان کرد.
لە میانی وانەکەدا، کارکردنی گرووپ و چالاکییە پۆلییە جیاوازەکان وەک ئامرازێکی سەرەکی بەکارهێنران و بابەتەکان بە ژیانی ڕۆژانەوە بەسترانەوە تا زۆرترین کارلێک دروست بێت. ئەم شێوازە نەک هەر کەشێکی پڕ لە وزەی دروست کرد، بەڵکو ئاستی بەرزی ئامادەکاری ئەکادیمی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێری نیشان دا. لە کۆتاییدا، کادری پەروەردەیی قوتابخانەکە ستایشی شێوازی وانەوتنەوەکەیان کرد و هیوایان خواست ئەم جۆرە چالاکییە مۆدێرنانە لە ناوەندەکانی خوێندن بەردەوام بن.







