
فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی چالاکییەکی زانستی لە قوتابخانەی شەبەنگی ئێواران ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 23, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/١١/١٩)، دوو فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی پەروەردەی گشتی لقی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر مەرجان ڕەحمان عەباسیان، سەردانی قوتابخانەی (شەبەنگی ئێواران)ـیان کرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا (ئاواز بورهان عەزیز) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، و هەریەک لە (جوان سەعدەدین) و (بنار خالید) مامۆستایانی بابەتی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا.
لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا، (ژیلە حەسەن عومەر) فێرخوازی قۆناغی سێیەم وانەیەکی زانستیی تایبەت بە ڕێزمانی ئینگلیزی بۆ دوو پۆلی دەیەمی زانستی لە هۆڵی قوتابخانەکە پێشکەش کرد. لەم وانەیەدا، فێرخوازەکە بە وردی ڕوونکردنەوەی لەسەر هەرچوار کاتی سەرەکیی ڕێزمانی ئینگلیزی خستەڕوو کە بریتی بوون لە؛ ڕانەبردووی سادە، ڕابردووی سادە، ڕانەبردووی بەردەوام، و ڕابردووی بەردەوام، و لە کۆتایی وانەکەشدا پەڕاوی ڕاهێنانی بەسەر قوتابیاندا دابەش کرد.
لە لایەکی دیکەوە، (ڕێناس ئەلیاس مستەفا) فێرخوازی قۆناغی سێیەم سیمینارێکی هاوشێوەی بۆ قوتابیانی پۆلی دەیەمی وێژەیی پێشکەش کرد. بۆ ئەوەش بە شێوەیەکی کرداری شیکردنەوەی بۆ یاسا و چۆنیەتی بەکارهێنانی هەرچوار بابەتە ڕێزمانییەکەی پێشکەش بە قوتابیانی پۆلەکە کرد.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان فێرخوازانی زانکۆ و قوتابیانی قوتابخانەکەدا سەبارەت بە بابەتە ڕێزمانییەکان بەڕێوەچوو. هاوکات، بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایانی بابەت خۆشحاڵی خۆیان بەم دەستپێشخەرییە زانستییە دەربڕی و سوپاسی فێرخوازانی زانکۆی جیهان – هەولێریان کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم وانانە.
You may also like


