
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سیمینارێکی هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک لە ئامادەیی ڤاناسی کچان پێشکەش دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 31, 2026
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکكەوتی 28/10/2026، دوو فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان ـ هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولوود)، سیمینارێکی هۆشیارییان لە چوارچێوەی (هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک) بۆ قوتابیانی پۆلی دەیەمی ئامادەیی ڤاناسی کچان پێشکەش کرد. هەردوو فێرخواز لەلایەن مامۆستا ڕامان عیزەددین عومەر، بەڕێوەبەری ئامادەیی ڤاناسی کچان، پێشوازییان لێ كرا.
لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، فێرخواز سەروین زاتی باسی گرنگیی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندرووستی دەربارەی شێرپەنجەی مەمک و ڕۆڵی زانیاریی درووست لە ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە کرد. هەروەها، ئاماژەی بە گرنگیی هەڵمەتە هۆشیارییەکان دا لە ناساندنی مەترسییەکانی نەخۆشییەکە و هاندانی تاکەکان بۆ سەرنجدانی زیاتر بە تەندروستیی خۆیان.
دواتر، فێرخواز لەیار ئازا بەشی دووەمی سیمینارەکەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی هۆشیاریی تەندرووستی و ناسینەوەی نیشانە ئاگادارکەرەوەکانی شێرپەنجەی مەمک. لەو چوارچێوەیەدا، باسی لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە و پێویستیی سەرنجدان بە گۆڕانکارییە نائاساییەکانی مەمک کرد و ڕوونی کردەوە کە ئاگاداربوون لەم گۆڕانکارییانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ناسینەوەی زووی نەخۆشییەکەدا.
هەروەها، فێرخواز لەیار ئازا جەختی لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان و پەیوەندیکردن بە پزیشکی پسپۆڕ کردەوە، لە کاتی هەبوونی گومان یان تێبینیکردنی هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە مەمکدا. لەو بارەیەوە، ئاماژەی بەوە دا کە هۆشیاری و پشکنینی پزیشکی لە کاتی گونجاودا، ڕۆڵێکی گرنگیان لە ناسینەوەی زووی نەخۆشییەکە و پاراستنی تەندروستیی ژناندا هەیە.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، فێرخواز لەیار ئازا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی میدیا و ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە تەندرووستییە درووست و باوەڕپێکراوەکان، بە تایبەتی ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە شێرپەنجەی مەمک و ڕێگاکانی ناسینەوەی زووی نەخۆشییەکەوە هەیە.
هەروەها، باسی لە گرنگیی هەڵمەتە هۆشیارییەکان کرد و ڕوونی کردەوە کە میدیا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە گەیاندنی پەیامە تەندروستییەکان بە کۆمەڵگە و هاندانی تاکەکان بۆ سەرنجدانی زیاتر بە تەندروستیی خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لەسەر پێویستیی وەرگرتنی زانیاریی تەندروستی لە سەرچاوە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکان کردەوە.



