فێرخوازانی بەشی ژمێریاریی ئاشنای سیستمی ژمێریاریی حکومی و ڕێکارە داراییەکان لە پارێزگای هەولێر دەبن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦/١/٢٠٢٦، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشەکەیان بۆ دیوانی پارێزگای هەولێر ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەمەد) بەڕێوەچوو. شاندی فێرخوازان لەلایەن (پێشدار یاسین پیرداود) بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە پارێزگای هەولێر بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە میانی سەردانەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای لایەنە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی ژمێریاری و وردبینی دارایی لە دامەزراوە حکومییەکاندا بوون. لەو چوارچێوەیەدا، (پەیام سەعدی ئیسماعیل) لێپرسراوی بەشی ژمێریاری لە دیوانی پارێزگا، ڕوونکردنەوەیەکی ورد و زانستی دەربارەی سیستمی ژمێریاریی حکومی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی ئامادەکردن و جێبەجێکردنی بودجە، تۆمارکردنی چالاکییە داراییەکان، ئامادەکردنی ڕاپۆرت و کێشەنامە داراییەکان و، بەڕێوەبردنی داهات و خەرجییەکان لەناو دامەزراوەکەدا.
بەشێکی گرنگی سەردانەکە تەرخانکرا بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێکارە تەکنیکییەکانی ئامادەکردنی بەڵگەنامە ژمێریارییەکان و تۆمارە فەرمییەکان، وەک فەرمانی خەرجکردن (Payment Orders) و پسوولەی وەرگرتنی داهات، هەروەها چۆنیەتی بەراوردکردنی خەرجییەکان لەگەڵ تەرخانکراوەکانی بودجە و پرۆسەی وردبینیکردن (Auditing) لەسەریان. هاوکات تیشک خرایە سەر یەکگرتویی و هەماهەنگی نێوان بەشە کارگێڕی و داراییەکان و دەستەکانی وردبینی، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ژمێریاری لە دابینکردنی شەفافیەت، لێپرسینەوە و پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییە داراییەکان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا ڕێبین بیلال سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی کارگێڕی و فەرمانبەرانی پارێزگای هەولێر کرد بۆ ئەو پێشوازییە و ئەو زانیارییە بەپێزانەی کە پێشکەش بە فێرخوازان کران.







