
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە سەردانێکی زانستیدا ئاشنای کارە بانکییەکانی بانکی عەنکاوە لە هەولێر بوون
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 25, 2026
لە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 24ی تشرینی دووەمی 2026، ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ڕێبین بیلال محەممەد، سەردانێکی زانستییان بۆ بانکی عەنکاوە لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
فێرخوازان لە کاتی گەیشتنیاندا، لەلایەن ئیڤلین پۆڵس ئیسحاقەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا، پاشان کورتەیەکی دەربارەی هەیکەلی ڕێکخستنی بانکەکە، بەڕێوەچوونی کارە ڕۆژانەکانی و، ڕۆڵی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکی و، دارایییەکاندا پێشکەش بە فێرخوازان کردن.
شیکردنەوەی ڕێکارە ژمێریارییەکان
پاشان نانسی جەمال یوسف فێرخوازانی بە بەشی ژمێریاریی بانکەکە ئاشنا کرد و، ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی هەیکەلی ڕێکخستن، بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکان و، چالاکییە ڕۆژانەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. هەروەها ڕێکارە ژمێریارییە پەیڕەوکراوەکانی لە کارە بانکییەکاندا خستە ڕوو، لەوانە تۆمارکردنی مامەڵە دارایییەکان، بەڕێوەبردنی هەژماری کڕیاران، چارەسەرکردنی پڕۆسەکانی دانان و ڕاکێشانی پارە و، پاراستنی تۆمارە دارایییە وردەکان.
سیستمەکانی کۆنترۆڵی ناوخۆیی
لە بەشێکى دیکەى بەسەرکردنەوەى بانکەکەدا نانسی جەمال یوسف تیشکی خستە سەر میکانیزمەکانی ئامادەکردنی ڕاپۆرتە دارایییەکان، چاودێریکردنی چالاکییە دارایییەکان و، گرنگی سیستمەکانی کۆنترۆڵی ناوخۆیی، بەڵگەنامەکردنی دروست و، پابەندبوون بە ڕێنمایییە بانکییەکان بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت، لێپرسینەوە و، بەڕێوەبردنی داراییی کارا.
سەردانێکى بەرهەمدار
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا ڕێبین بیلال محەممەد سوپاسى ئیڤلین پۆڵس ئیسحاق و، نانسی جەمال یوسف کرد لە بەرامبەر پێشوازیی گەرم، هاوکاریی بەرهەمدار و، ئەو ڕوونکردنەوە بەنرخانەی پێشکەش بە فێرخوازانیان کرد و، سەردانەکەى بە سەردانێکى بەرهەمدار بۆ فێرخوازان وەسفکرد.
You may also like
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ بانکی قەڵات لە هەولێر ئەنجام دەدەن

