فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر و فێرخوازانی کورد لە کۆماری چیک چالاکییەکی کەلتووری هاوبەشیان بەڕێوەبرد
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ, بەشی پەرستاری تەندروستی كۆمەڵ, بەشی تـەکـنـیـکـی سـڕکــردن
- Date حوزهیران 27, 2026
لە پەراوێزى چالاکیەکانى پڕۆگرامی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی لە کۆماری چیک، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کە ئێستا بۆ بەشداریکردن لە خولێکی زانستی لەو وڵاتەن، لەگەڵ ژمارەیەک لە فێرخوازانی کوردی نیشتەجێی شاری ئۆلۆموس لە ناو کەمپەسی زانکۆی پالاجکی (Palacký University) کۆبوونەوە.
ئەم دیدارە دۆستانەیە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی کارلێکەر لە نێوان فێرخوازانی زانکۆ و ڕەوەندی کوردی لەو وڵاتەدا ڕێکخرا. چالاکییەکە کۆمەڵێک بڕگەى کەلتووریی لەخۆگرتبوو، کە تێیدا فێرخوازان بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان، هەستی نیشتمانپەروەری و شانازیی خۆیان بە ناسنامەی نەتەوەیی بەرجەستە کرد. ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیروڕا دەربارەی ژیانی ئەکادیمی لە ئەوروپا و چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنی شایستەی کەلتووری کوردی لە ناوەندە زانستییە جیهانییەکاندا.
فێرخوازان لە کەشێکی ئارام و پڕ لە هاوڕێیەتییدا، کاتێکی پڕ لە چێژ و بیرەوەریی ناوازەیان بەیەکەوە بەسەربرد، کە ئەمەش بووە مایەی بەرزکردنەوەی ورەیان لە میانی وەرگرتنی خولە زانستییەکان و تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
فێرخوازان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم دیدارە متمانەبەخۆبوونیانی زیاتر کردووە بۆ ئەوەی وەک “باڵوێزی زانستی و کەلتووری” کار بکەن و، لەرێگەی ئەم ئاڵوگۆڕە مەعریفییانەوە وێنەیەکی جوانی کوردستان لە ناو جەرگەی ئەوروپادا پیشان بدەن.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر پێکهاتوون لە: (مینا حوسێن کەریم) فێرخوازی قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ، (کامگار سەرهەنگ مستەفا) و (ئیسماعیل قادر عەزەت) فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکی سڕکردن، لەگەڵ (هەردی عوبەید ڕەفیق) دەرچووی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ



