فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر یەکەمین ڕۆژی خولی زمانیان لە بەریتانیا بە وانەی ئەکادیمی و گەشتێکی کەلتووری لە لەندەن کۆتایی پێهێنا
- Categories بهشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان, بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی, زانستی كۆمپیوتەر, کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تەممووز 1, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٦/٢٩)، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر یەکەمین ڕۆژی خولی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزییان لە ئۆفیسى سەرەکى دامەزراوەی نێودەوڵەتیی (IFG) لە ناوچەی ماندیڤێل لە وڵاتی بەریتانیا بە سەرکەوتوویی تەواو کرد.
وانەکانی یەکەم ڕۆژی خولەکە لە لایەن (دکتۆر جۆن) مامۆستای پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی گشتی پێشکەش کران، کە تێیدا جەخت لەسەر ناساندنی پڕۆگرامەکە و پەرەپێدانی کارامەییەکانی پەیوەندیکردنی زارەکی و هاندانی فێرخوازان بۆ کارلێکی ڕاستەوخۆ لە ناو ژینگەی خوێندندا کرایەوە. فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بە شێوەیەکی ڕێکخراو و چالاکانە بەشدارییان لە گفتوگۆ زانستییەکاندا کرد، کە ئەمەش بووە مایەی بەدیهێنانی ئامانجە سەرەتاییەکانی خولەکە و بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەکادیمی لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و دامەزراوەی (IFG) لە بەریتانیا.
لە پەراوێزی وانە ئەکادیمییەکاندا، شاندی فێرخوازان گەشتێکی مەیدانی و کەلتوورییان بۆ ناو شاری لەندەنی پایتەخت ئەنجامدا. فێرخوازان گرنگترین شوێنەوارە مێژوویی و شارستانییەکانی شارەکەیان بەسەرکردەوە، هەروەها گەشتێکی دەریاییان لە ناو ڕووباری تەمیس (River Thames) ئەنجامدا بە مەبەستی بینینی تەلارسازیی ناوازە و ئاشنابوون بە مێژووی دێرینی بەریتانیا. دکتۆر ئەنەس ئەلخووری سەرپەرشتیارى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی کردەوە کە ئەم ئەزموونە جیهانییانە بەشێکی گرنگن لە دیدگای زانکۆ بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی لێهاتوو کە خاوەنی کارامەیی زمانی و ڕۆشنبیریی نێودەوڵەتی بێت، تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا بە متمانەیەکی زیاترەوە لە ناوەندە پیشەییەکاندا دەربکەون.



