فێرخوازانی ژمێریاری ئاشنای سیستمە پیشەسازی و داراییەکانی کۆمپانیای “فابیاب” دەبن
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی (٢١/١/٢٠٢٦)، بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان–هەولێر، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشەکە بۆ کۆمپانیای (فابیاب- Fabyab) بۆ پیشەسازی کارتۆن ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی دکتۆر (هاشم سافی) بەڕێوەچوو. لە سەرەتای گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لە لایەن (سافین ئەحمەد) بەڕێوەبەری کارگێڕی، (ئەحمەد هێلال) بەڕێوەبەری کۆگاکان و (عەبدولڕەحمان بەکر) بەڕێوەبەری ژمێریاری پێشوازییان لێکرا. لە دیدارێکدا، ڕوونکردنەوەیەکی ورد و گشتگیریان دەربارەی سروشتی کارەکانی کۆمپانیا و سیستمی کارگێڕی و ژمێریاری پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بەتایبەت جەخت لە شێوازى کڕین، بەرهەمهێنان و کۆگاکردن لە پیشەسازی کارتۆن کرایەوە.
لە میانەی بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی کارگەکەدا، فێرخوازان ئاشنای ڕێکارەکانی وەرگرتنی کەرەستەی خاو و کۆگاکردنیان بوون، لەگەڵ تێگەیشتن لە میکانیزمی دابەشکردنی کەرەستەکان بۆ سەر هێڵەکانی بەرهەمهێنان و چۆنیەتی تۆمارکردنی جووڵەی کۆگا لە تۆمارە ژمێریارییەکاندا. هەروەها لەلایەن (ئەحمەد هێلال) بەڕێوەبەری کۆگاکان تیشک خرایە سەر سیستمی چاودێری ناوخۆیی (Internal Control) لە ناو کۆگاکان، ڕێڕەوی بەڵگەنامەکان، ڕێکارەکانی دۆزینەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، و ڕۆڵی گرنگی ژمێریاری لە کۆنترۆڵکردنی تێچووەکان و نرخاندنی کاڵاکان.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری ژمێریاری کۆمپانیاکە شێوازی کارکردنی بەشی دارایی و میتۆدەکانی ئامادەکردنی ڕاپۆرتە داراییەکانی بۆ فێرخوازان شیکردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەماهەنگی نێوان بەشی ژمێریاری و بەشی کۆگاکان، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی زانیارییە داراییە جێ متمانەکان کە یارمەتیدەری کارگێڕییە بۆ بڕیاردانی دروست.
ئەم گەشتە زانستییە دەرفەتێکی گرنگی بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا چەمکە تیۆرییەکانی وەک “ژمێریاری تێچوو”، “بەڕێوەبردنی کۆگا” و “سیستەمە چاودێرییەکان” لە ژینگەیەکی ڕاستەقینەی پیشەسازیدا ببینن و لە نزیکەوە وەڵامی پرسیارەکانیان دەستبکەوێت.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دکتۆر هاشم سافی سوپاس و پێزانیانی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای “فابیاب” کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و پێشکەشکردنی ئەم زانیارییە پیشەییە بەپێزانە.







