فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە خولێکى تایبەت بە ڕاهێنان و پێگەیاندنى سەرکردەى زیرەکى دەستکرد و جەنگى زانیارییەکان دەکات
بەچاودێرى وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وڵاتەکانى میسر و ئوردن، پەیمانگەی گەشەپێدانی سەرکردایەتی و کۆمەڵەی زانکۆ عەرەبییەکان؛ خولێکى ڕاهێنانى لەبارەى ئامادەکردن و پێگەیاندنى سەرکردەى زیرەکی دەستکرد و شەڕی زانیاری بەبەشدارى نوێنەرى (16) وڵات لە ئوردن بەڕێوەبرد و، فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێریش بەشدارییەکى کارایی خولەکە دەکات.
لەو بارەیەوە دونیا عەمار محەممەد سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد، کە سپۆنسەر و پاڵپشتى بەشداریکردنى خولەکەیانى گرتۆتە ئەستۆ، وتیشى لە ماوەى ڕۆژانى بەڕێوەچوونى خولەکەدا کە لە ڕۆژانى (8 تا 12ی ئەیلوولى 2024) بەردەوام دەبێ، کۆمەڵێک چالاکى جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن لەوانە سازدانی چەندین وۆرک شۆپ، پێشکەشکردنى چەندین وتار و سمینارى کاریگەر لەبارەى (سەرکردەی کاریزماتیک و تواناکانی سەرکردایەتی پێویست بۆ بونیادنانی کەسایەتی، بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و ڕۆڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی)ییەکان، ڕونشیکردەوە هەر لە میانەى چالاکیەکاندا بەشداریمان لە کۆمەڵێک وۆرکشۆپ لەبارەى ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە گەیشتن بە پەرەپێدانى بەردەوام، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، شەڕی زانیاری، سەرکردایەتی و دیپلۆماسی کرد، ئەوە جگە لە ڕێکخستنی دانیشتنی زانستی، هەروەها ڕێکخستنی گەشتێکی مەیدانی لەناو زانکۆی تەکنەلۆجیای عەقەبەى وڵاتى ئوردون بۆ ئاشنابوون بە ژێرخانى سیستمى ئەلیکترۆنى زانکۆکە.
لە پەراوێزى خولەکەشدا؛ دونیا محەممەد فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە پیشانگەیەکدا کرد و، لە ڕێگەیەوە کار و پرۆژە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێرى نمایش کرد و، بەش و پێکهاتە و مێژووى زانکۆکەى بە ئامادەبووان ناساند، ئەوەش بووە جێى سەرەنجى ئامادەبووان و دەستخۆشیان لە زانکۆى جیهان-هەولێر و فێرخوازان کرد.
زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە پاڵپشتى تەواوى پەرەپێدانى تواناى فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان دەکات، ڕەوانەکردنى ئەو فێرخوازەش بۆ وڵاتى ئوردون هەر لەو چوارچێوەى ئەو بایەخپێدانانەى زانکۆ بە فێرخوازان دێ بۆ ئەوەى سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن و، تواناکانیان بەرز بکەنەوە.