
فێرخوازێکی بەشی ڕاگەیاندن بەشداریی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی دەرچووانی کۆیکا لە کوردستان دەکات
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 31, 2026
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکكەوتی 28/10/2026، فێرخواز سەرکار حسێن، لە قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان ـ هەولێر، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی دەرچووانی کۆیکا لە کوردستان (KAAK) کرد، کە لەلایەن نووسینگەی هەولێری ئاژانسی هاوکاریی نێودەوڵەتیی کۆریا (KOICA) لە هۆتێلی ڕۆتانا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی دیپلۆماسی و دامەزراوەکانی گەشەپێدان بەڕێوەچوو، لەوانە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئیوون-گیو شیم کۆنسووڵی گشتیی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان، لیی سەنگ هوون، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆیکا لە هەولێر، هەروەها ڕابەر حسێن حەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر و سەرۆکی کۆمەڵەی دەرچووانی کۆیکا لە کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دەستکەوتەکانی بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنانی پشتیوانیکراو لەلایەن ئاژانسی کۆیکاوە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها گرنگیی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و ئەزموونە بەدەستهاتووەکان لە خوولە ڕاهێنانییەکانی کۆریا و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لێیان لە پەرەپێدانی دامەزراوە و کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکە ئامانجی بەهێزکردنی تۆڕی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرچووانی بەرنامەکانی کۆیکا و هاوبەشە دیپلۆماسی و گەشەپێدانەکانی کۆریای هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، جەخت لەسەر گرنگیی فراوانکردنی هاوکارییەکانی گەشەپێدان لەنێوان کۆریا و عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
بەشداریی فێرخواز سەرکار حسێن لەم کۆبوونەوەیەدا دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئاشنابوون لە نزیکەوە بە چالاکییە فەرمی و دیپلۆماسییەکان و ئەو بەرنامانەی پەیوەندییان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەوە هەیە.



