لە ئاڵمانیا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەند ناوچەیەکى شوێنەوارى و گەشتیاریان بەسەرکردەوە
لەسەر ڕاسپاردەى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، لە بەرامبەر بەشداریکردنیان لە ڕۆژانى بەڕێوەچونى خولى هاوینە لە زانکۆى لۆدز بەشێوەیەکى کارا و کاریگەرانە و نیشاندانى وێنەیەکى جوانى زانکۆ بە بەشداربوانى دیکەى خولەکە، سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى کاتبەسەربردن و خۆشى بۆ فێرخوازانى بەشداربونى خولى هاوینەى پۆڵندا بۆ وڵاتى ئاڵمانیا ڕێکخست.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ماوەى مانەوەیان لە ئاڵمانیا، کە سێ ڕۆژى خایاند لە شارى بەرلینى چەند ناوچەیەکى گەشتیارى و کەلتورى و شوێنەوارییان بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا سەردانى مۆزەخانەی مادام توسۆدز (Madame Tussauds Museum)یان کرد، مۆزەخانەکە پەیکەری لە مۆم دروستکراوى بەناوبانگترین کەسایەتییە هونەری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و زانستییەکانی تێدایە.
دوا بەدواى بەسەربردنى کاتەکانیان لەناوچە جیاکانى دیکەى ئاڵمانیا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە خەرمانێک دەسکەوتى زانستى لەبارەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەش و هەوا و چۆنیەتى بەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان و، هاوکات چەندین دەسکەوتى دیکەى زانیارى گشتى و کەلتورى و دروستکردنى پەیوەندى زانستى و کۆمەڵایەتى لەگەڵ فێرخوازانى زانکۆکانى دیکەى بەشداربوو، کۆتاییان بەگەشتەکەیان هێنا و گەڕانەوە هەرێمى کوردستان.
زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى ڕابردودا چەندین دەسکەوتى هاوشێوەى بۆ فێرخوازانى لە بوارە جیاکان بەدەستهێناوە، لە داهاتویەکى نزیکیشدا گروپى دیکەى هاوشێوە سەردانى زانستیان بۆ ڕێکدەخرێت، ڕێکخستنى ئەو گەشتە زانستیانەش لە پاڵ خوێندنى زانکۆیی؛ لە پێناو پێگەیاندنى فێرخوازى کارامە و کادیرى پڕ لە زانست و زانیارییە بۆ داهاتوى کۆمەڵگە.