Back

لە بەشی ڕاگەیاندن ڕاهێنانێکی تایبەت بە ناسینەوەی هەواڵی ساختە و کاریگەرییە دەروونییەکانی لەسەر تاک بەڕێوەچوو

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 08/10/2026، لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دلان ئیسماعیل مەولود)، ڕاهێنانێکی تایبەتی بەناونیشانی ناسینەوەی هەواڵی ساختە و کاریگەرییە دەروونییەکانی لەسەر تاک بەڕێوەچوو.

ڕاهێنانەکە لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان  بەڕێوەچوو، ناوەڕۆکی ڕاهێنانەکە لەلایەن (محەمەد عومەر کانی)، توێژەر و ڕاهێنەر پێشکەش کرا، کە تیایدا ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و چوارەم تێیدا ئامادە بوون.

لە دەستپێکدا، ڕاهێنەر تیشکی خستە سەر گرنگیی هۆشیاریی میدیایی و پێویستیی پەرەپێدانی توانای فێرخوازان لە ناسینەوە و جیاکردنەوەی هەواڵی ڕاست لە هەواڵی ساختە، بە تایبەتی لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵ و بڵاوبوونەوەی خێرای زانیارییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

دواتر، باسی جۆرەکانی هەواڵی ساختە و شێوازە جیاوازەکانی درووستکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادرووستی کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر کاریگەرییە دەروونییەکانی هەواڵی ساختە لەسەر تاک، وەک درووستکردنی ترس و نیگەرانی، زیادکردنی گومان و دڵەڕاوکێ، ئاڵۆزکردنی تێگەیشتنی تاک لە ڕووداوەکان و کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و بڕیاردان.

لە بەشێکى دیکەى ڕاهێنانەکەیدا، محەمەد عومەر کانی گرنگیی پشکنینی سەرچاوەکان، بەراوردکردنی زانیارییەکان لەگەڵ سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی دیکە و ناسینەوەی نیشانەکانی هەواڵی ساختەی بۆ بەشداربووان ڕوون کردەوە. هەروەها ڕێگە و شێوازە پیشەییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵی ساختە و چۆنیەتیی پشتڕاستکردنەوەی ناوەڕۆکی میدیایی بۆیان خستە ڕوو.

لە بەشی کرداریی ڕاهێنانەکەشدا، کۆمەڵێک ڕاهێنانی گرووپی و کرداری بەڕێوەچوون؛ کە تێیدا فێرخوازان لەسەر نموونە و دۆخە جیاوازەکانی هەواڵ کارەکانیان ئەنجام دا و، هەوڵیان دا هەواڵی ساختە لە هەواڵی ڕاست جیا بکەنەوە و ڕێگەکانی پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی زانیاری بەکاربهێنن.

ئەم چالاکییە کردارییە بوونە دەرفەتێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی توانای شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی میدیایی لەلایەن فێرخوازانەوە.

لەکۆتاییدا؛ مامۆستای یاریدەدەر (دلان ئیسماعیل مەولود)، بە ناوی سەرۆکایەتیی بەشی ڕاگەیاندن، سوپاس و پێزانین ئاراستەی (محەمەد عومەر کانی) کرد لە بەرانبەر پێشکەشکردنی ئەم بابەتە گرنگە و هاوبەشیکردنی ئەزموونی زانستی و پراکتیکی لەگەڵ فێرخوازاندا.