لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێک لەبارەى بڕیارەکانى دادگاى باڵا فیدراڵى بەڕێوەچوو
بۆ تاوتوێکردنى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى عێراق و، شیکردنەوەى لایەنە جیاکانى ئەو بڕیارانە، سەرۆکایەتى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکى دوو ڕۆژەى بەناونیشانى (هەڵسەنگاندنى دەستورى بۆ بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى) دەستپێکرد.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە ڕۆژى یەکەمى وۆرکشۆپەکەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٩/٣/٢٠٢٢) لە هۆڵى (vip) زانکۆ بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و، مامۆستایان و پسپۆڕانى بوارى یاسا و دەستور دەستپێکرد، لەسەرەتادا دکتۆر عومەر زوبێر ظاهر سەرۆکى بەشى یاسا وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان ئامانجى وۆرکشۆپەکەى ڕونکردنەوە و ، ڕایگەیاند: بەشەکەمان لە ڕێگەى ئەم وۆرکشۆپەوە ئەخوازێ تیشک بخاتە سەر لایەنە دەستورییەکانى بڕیارى دادگاى فیدراڵى و، میکانزمەکانى جێبەجێکردنى بڕیارەکان دادگا و، ئاستى سەربەخۆى دادگاى فیدراڵى لە دەرکردنى بڕیارەکان، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکى بەشى یاسا کارنامەى وۆرکشۆپەکەى خوێندنەوە و، دواتر چەند بابەتێک پێشکەشکرا.
مامۆستاى یاریدەدەر ئیسماعیل رسول بابەکر یەکەم بابەتى وۆرکشۆپەکەى بەناونیشانى (پسپۆڕیەتى و ئەرکەکانى دادگاى فیدراڵى) پێشکەشکرد، لەو بوارەدا دواى ئەوەى باسى لە چۆنیەتى و بنەماکانى پێکهێنانى دادگاى فیدراڵى کرد، ڕونیکردەوە ئەرکەکانى دادگاى فیدراڵى کە پێکدێ لە (٩) بڕیارەکانى بڕیارى یەکلایکەرەوەن بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لە نێوان دامەزراوە جیاکان ڕودەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین نمونەى جیاى هێنایەوە.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، لەلایەن پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئیبراهیم ئەحمەد سامرایی بابەتێکى لەبارەى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى تایبەت لەبارەى سەرۆکایەتى پاڕلەمان و دەستنیشانکردنى کوتلەى زۆرینە پێشکەشکرد و، چەندین ڕونکردنەوەى یاساى لەبارەى بابەتەکە و، ژینگەى دەرکردنى ئەو بڕیارانە باسکرد.
هەروەک ڕادەى یاساییبوونی گرێبەستە نەوتییەکان هەرێمى کوردستان بابەتێکى دیکەى یەکەم ڕۆژى وۆرکشۆپەکە بوو، کەلەلایەن دکتۆر عومەر زوبێر ظاهر پێشکەش کرا، کە تیایدا بەڕونى باسى لە ماددە دەستورییەکانى تایبەت بەدەسەڵاتەکانى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى و، ماددەکانى تایبەت بەسامانە سروشتیەکان کرد، هەروەک پەسندنەکردن و نەبوونى یاساى نەوت و گاز لە عێراق بەکێشەیەکى یاساى گرنگ لە قەڵەمدا.
لە وۆرکشۆپەکەدا، دواى پێشکەشکردنى بابەتەکان بەجیا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ئامادەبوانى وۆرکشۆپەکە چەندین سەرەنج و بۆچونى یاساى و پرسیارى یاساى و دەستورى ئاراستەى پێشکەشکارانى بابەتەکان کرا، ئەوانیش لە ڕوانگەیەکى یاسایەوە وەڵامى پرسیارەکانیان دەدایەوە، واش بڕیارە لە ڕۆژى دوەمى وۆرکشۆپەکەدا، لە چەند ڕەهەندێکى دیکەوە خوێندنەوەى جیا بۆ بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فێدراڵى عێراق بکرێ.