
لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەى خۆپاراستن و چارەسەرى قەڵەوی دەستپێکرد
- Categories بهشی نیوتریشن و دایەتێتیکس, ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تشرینی یەکەم 21, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان:
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 21/10/2026، لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و، بە چاودێریی دکتۆر ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکانی کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی بەناونیشانی «قەڵەوی: سەردەمێکی نوێی 2026 – خۆپاراستن، چارەسەرکردن و چاودێریی فرەپسپۆڕی» دەستی پێکرد.
ئەم کۆنفرانسە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای پەرەپێدان و داهێنانی نێودەوڵەتیی بارسام (BARSAM) و بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان–هەولێر ڕێکخرابوو بۆ تاووتوێکردنی دوایین پێشهاتە پزیشکی و خۆراکییەکان.
دەستپێکی کۆنفرانسەکە
ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی دکتۆر ئەمیر چالی، بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پڕۆفیسۆڕ دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و سەرۆکی کۆنفرانس و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانی جیهان و، هەروەها ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان، ڕاگرانی کۆلێژەکان، سەرۆک بەشە زانستییەکان، پزیشکانی ڕاوێژکار، و توێژەران بەڕێوەچوو.
چەمکی قەڵەوی و مەترسییە تەندروستییەکانی
هەر بەو بۆنەیەوە، پڕۆفیسۆڕ دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و سەرۆکی کۆنفرانس، وتارى کۆنفرانسى پێشکەش کرد، پاشان ئاماژەی بەوە کرد کە قەڵەوی کێشەیەکی سادەی کێش یان ڕوخسار نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی درێژخایەنی دووبارەبووەوەیە، کە لە ئاوێتەبوونی هۆکارە جێنەتیكی، میتابۆلی، دەروونی و ژینگەیییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
سەرباری ئەوەش، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم دیاردەیە هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی شەکرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ، چەوریی جگەر و، هەندێک جۆری شێرپەنجە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەکەی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەدا.
بەکاربهێنانی تیمی فرەپسپۆڕی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پڕۆفیسۆڕ دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ ڕوونی کردەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگارییە بە تەنها بە یەک پسپۆڕی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە پێکەوەکارکردنی تیمێکی گشتگیر هەیە لە پزیشکان، نەشتەرگەران، پسپۆڕانی خۆراک، توێژەران و بڕیاردەرانی بوارەکانی تەندروستی.
لەم چوارچێوەیەدا، دیدگا و ناونیشانی کۆنفرانسەکە ڕونکردەوە، کە لەسەر سێ پایەی بنەڕەتی دامەزراوە: خۆپاراستن، چارەسەرکردن و چاودێریی فرەپسپۆڕی خۆى دەبینێتەوە.
ڕۆڵی زانکۆ و ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆنفرانس
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر باوەڕی وایە ڕۆڵی زانکۆ تەنها لە سنووری هۆڵەکانی خوێندندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو زانکۆ ناوەندێکى هاوبەشە لەگەڵ تەندروستیی کۆمەڵگە و پردێکە لەنێوان زانست و جێبەجێکردندا.
سەرۆکی زانکۆ ئومێدی خواست ئەم کۆنفرانسە ببێتە دەستپێکێک بۆ هاوکاریی فراوانتر لەنێوان زانکۆکان و دامەزراوە تەندروستییەکاندا، پاشانیش بە فەرمی دەستپێکردنی کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی «قەڵەوی: سەردەمێکی نوێی 2026»ی ڕاگەیاند.
گرنگیی خۆراکی تەندروست
لە لایەن دیکەوە، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانی جیهان، لە وتارێکیدا ئاماژەی بە گرنگیی خۆراکی دروست لە پاراستنی تەندروستیی گشتی و بەرگرتن لە نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە قەڵەوییەوە کرد.
بۆ ئەوەش جەختی لەسەر پێویستیی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی نەریتە خۆراکییەکان، پاڵپشتیکردنی ڕۆڵی پسپۆڕانی خۆراکی چارەسەرکاری و، دروستکردنی هاوبەشیی کارا لەنێوان دامەزراوە فێرکارییەکان، نەخۆشخانەکان و، کەرتی تایبەتدا کردەوە بۆ هاوشانبوون لەگەڵ پێشکەوتنە پزیشکییەکان کردەوە.
بەرنامەی زانستیی کۆنفرانسەکە
کۆنفرانسەکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا جەخت لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ قەڵەویدا وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن و ئاڵۆز دەکاتەوە. بەرنامە زانستییەکە ئامانجی خستنەڕووی دوایین بەڵگە زانستییەکانی پەیوەست بە خۆپاراستن، نوێکارییەکانی ڕێکارە نەشتەرگەرییەکان و، بەهێزکردنی ڕۆڵی پسپۆڕانی خۆراک لە ناو تیمە تەندروستییە فرەپسپۆڕییەکاندا لەخۆ دەگرێت.



