لە زانکۆی جیهان-هەولێر؛ یەکەمین کۆنفرانسی بۆردی جیهان بۆ وەبەرهێنانی توێژینەوەی زانستی (CBRI) بەڕێوەچوو
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تەممووز 24, 2026
لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و هاوتەریبکردنی توێژینەوە ئەکادیمییەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٦، یەکەمین کۆنفرانسی بۆردی جیهان بۆ وەبەرهێنانی توێژینەوەی زانستی (CBRI) لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
لەو کۆنفرانسەدا، کە بە ئامادەبوونی سەرۆکى سەرجەم دامەزراوە ئەکادیمی و پەروەردەییەکانی گرووپی جیهان بوو، یاریدەدەرانی سەرۆک و ڕاگر و، بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری (QA) و بەڕێوەبەرانی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، تیایدا گفتوگۆ لەبارەى داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی زانستى و توێژینەوەى زانستى کرا.
لە میانی مەراسیمەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، وتارێکی زانستیی چڕی پێشکەش کرد و، تێیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە توێژینەوەی زانستی یەکێکە لە پایە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان. سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، کە زانکۆی جیهان-هەولێر خاوەن ستراتیژێکی ڕوونە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی توێژینەوەى زانستیی و، ڕایگەیاند: “بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)، پلانەکانمان بە ئاراستەی چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی توێژینەوەی کوالێتی بەرز کە بتوانێت خزمەت بە کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکات.”
هەر لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمینداریەتی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی جیهان، وتارێکی ئاراستەی ئامادەبووان کرد و، ڕایگەیاند: کۆکردنەوەی سەرجەم دامەزراوەکانی گرووپی جیهان لە ژێر چەتری یەک بۆردی وەبەرهێنانی توێژینەوەدا، وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بەرهەمهێنانی توێژینەوەى زانستی ڕەسەن. بۆ ئەوەش پاڵپشتی بێپایانی ئەمینداریەتی بۆ توێژەران دوپاتکردەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە برەودان بە توێژینەوەی هاوچەرخ کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان.
پاشان بەرنامەى کارى کۆنفرانسەکە دەستى پێکرد و، تیایدا بە وردی تیشک خرایە سەر لایەنە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی بۆردەکە، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەشنووسی پەڕاو و پەیڕەوی ناوخۆی (CBRI) و پرەنسیپەکانی کارکردنی بۆردی سەرەکی تاوتوێ کران. هەروەها بەشێکی گرنگی کۆنفرانسەکە تەرخانکرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنەکانی بۆڵۆنیا پرۆسیس لە خولی سێیەم و خولی هاوینەدا، شانبەشانی داڕشتنی پلانی وەرگرتنی فێرخوازان بۆ ساڵی خوێندنی نوێی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) و، دیاریکردنی بنەماکانی هاوئاهەنگی لە نێوان لایەنە ئەکادیمییەکاندا.
لە کۆتا تەوەری کۆنفرانسەکەدا، گفتوگۆیەکی زانستی دەربارەی پڕۆژە و کارەکانی (Safe AI) و دەسپێشخەریی پەرەپێدانی دەزگای (زەکاتی زانست) ئەنجامدرا، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی ئاکاریی لە توێژینەوەکاندا.
کۆنفرانسەکە بە داڕشتنی ستراتیژ و پلانی درێژخایەن بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی زانکۆکان لە ساڵانی داهاتوودا کۆتایی هات، هەروەک جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە، کە ئەم بۆردە دەبێتە بزوێنەری سەرەکیی وەبەرهێنانی مەعریفی و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لە زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمیی و زانستیی و پەروەردەییەکانى جیهان بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتى.



