
لە زانکۆی جیهان-هەولێر ئامادەکاری بۆ کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاریی دەروونی و، کۆمەڵایەتی دەکرێت
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 23, 2026
بە ڕاسپاردەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و، توێژینەوەی زانستی و، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و، ڕێنمایییەکی گشتگیری دەروونی، کۆمەڵایەتی و، ئەکادیمی بۆ فێرخوازان و، ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئەکادیمیی ئارام، پارێزراو و، پشتگیریکەرە، زانکۆی جیهان-هەولێر ئامادەکاری بۆ کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکات تا فێرخوازان و، ستافی زانکۆ بتوانن بەسەر فشارە کەسی و، فێرخوازییەکاندا زاڵ بن و، هاوسەنگی لە نێوان لایەنی کۆمەڵایەتی، دەروونی و، خۆڕاگریی کەسیدا دروست بکەن.
خولى ڕاهێنانى تایبەت بە بەڕێوەبردنى سەنتەرەکە
لە چوارچێوەی ئەم ئامادەکارییانەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و، توێژینەوەی زانستی بە هاوکاریی ڕێکخراوی (SEED Foundation) خولێکی ڕاهێنانی تایبەتی لە ڕۆژانی 16 تا 18/11/2026 لە هۆتێل شێراتۆن لە شاری هەولێر ڕێک خست، کە تێیدا دکتۆر ڕۆژان عەلی خدر هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە ڕێنمایی و، ڕاوێژکاریی دەروونی وەک نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریی کرد.
ڕاهێنانەکە لەلایەن ئان لێپێلارس (Anne Lepelaars) پێشکەش کرا، ڕێنمایی تیۆریی لەگەڵ ڕاهێنانی کردەیی، گفتوگۆی کارا و، چالاکیی جۆراوجۆر پێشکەش بە نوێنەرى زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمە بەشداربووەکان کرا، هاوکا لە خولەکەدا بابەتە سەرەکییەکانی پەیوەست بە پشتیوانی دەروونی و، کۆمەڵایەتی، فریاگوزاریی سەرەتایی دەروونی، پەیوەندیی کاریگەر، گوێگرتنی چالاک، پاراستنی نهێنی، بەرپرسیارێتییە پیشەیییەکان و، ڕێکارەکانی ڕەوانەکردنی گونجاو پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.
پەرەپێدانی لێهاتوویی کردەیی
هەر لە میانەی دانیشتنە کردەیییەکانی خولەکەدا، بەشداربووان بەشدارییان لە سیناریۆی هاوشێوە و، ڕاهێنانی نواندنی ڕۆڵەکاندا کرد بۆ بەهێزکردنی تواناکانیان لە ناسینەوەی ئەو کەسانەی دووچاری ناڕەحەتیی دەروونی دەبنەوە، وەڵامی گونجاوی پێداویستییەکانیان و، جێبەجێکردنی ڕێکارە پیشەیییەکانی پشتیوانیی دەروونی و، کۆمەڵایەتی لە ناو دامەزراوە پەروەردەیی و، زانکۆیییەکاندا بدەنەوە.
ڕێکارە کارگێڕییەکانی سەنتەرەکانی ڕاوێژکاری
لە کۆتایی، خولەکەشدا جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی ڕێکاری کارگێڕیی کارا و، پراکتیکی پیشەیی کرایەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی سەنتەرەکانی ڕاوێژکاریی دەروونی و، کۆمەڵایەتی لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو کار دەکەن و، پشتیوانیی دەروونی و، کۆمەڵایەتیی گونجاو پێشکەش بە فێرخوازان دەکەن.



