لە مەراسیمێکى تایبەتدا، کە لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو؛ دەزگاى زمانەوانیی کوردیى زانکۆى جیهان کرایەوە
زانکۆى جیهان لە دەستپێشخەریەکى نوێدا و، بۆ خزمەتکردن بە زمانى کوردى، لە مەراسیمێکى تایبەتدا کە بەئامادەبونى زمانزان و پسپۆڕان و خەمخۆرانى زمانى کوردى بەڕێوەچوو، دەزگاى زمانەوانیی کوردیى زانکۆى جیهان کرایەوە.
لەو مەراسیمەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (18/10/2023) بەئامادەبونى دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە و، پڕۆفیسۆرى یاریدەر دکتۆر محەمەد کەلارى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و خەمخۆران و پسپۆڕانى زمانى کوردى و، لێپرسراوانى حزبى و حکومى بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان و سرودى نیشتیمانى ئەى ڕەقیب دەستیپێکرد، پاشان چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان، ئینجا سوپاسی هەمووانى کرد، کە لەو بۆنە تایبەتەدا هاوبەشیان کرد، وتیشى خۆشحاڵم کە پێکەوە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و پێشکەوتن لە زانکۆکەمان دەست پێ دەکەین.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتیشى دەزگاى زمانەوانیی کوردى زانکۆى جیهان شانازى و دەسکەوتێکى دیکەى زانستى زانکۆى جیهانە و، ڕەنگدانەوەی پابەندبوونمانە بە دابینکردنی دەرفەتی فێربوون و پەرەپێدانی زمانى کوردى، کە بەدەستپێشخەرى و پاڵپشتى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان بەدیهاتووە. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە ئەرکى زمان کرد و ڕایگەیاند: لە بنەڕەتدا کاری زمان پاراستن و گواستنەوەی کەلتووری نێوان گەلانە، چونکە پێناسەی خودی کۆمەڵایەتی و بنەمای ویژدانی کۆمەڵ پێکدێنێت، لەهەمان کاتدا زمان ئامرازێکی سەرەکییە بۆ پێشخستنی لێکتێگەیشتن و هاوکاری جیهانى، میللەتی کورد یەکێکە لەو میللەتانەی بە درێژایی مێژوو ھەوڵی لەناو بردنی زمان و کولتوری دراوە، بەڵام دوژمنان نەیانتوانى خەونەکانیان بەدى بهێنن و زمان و کەلتورى کوردى لەناو بەرن، بەڵکو مایەى خۆشحاڵییە، کە لە ئێستادا زمانى کوردى یەکێکە لە زمانە زیندوەکانى جیهان و، خاوەن دەوڵەمەنترین و پڕ زاراوەترین زمانەکانی جیھانیشە.
هەر لە میانەى پێشکەشکردنى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕوو لە پسپۆڕان و خەمخۆرانى زمانى کوردى وتى: وەک زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتى دەکەینەوە دەزگاى زمانەوانیی کوردى زانکۆى جیهان دەبێتە ناوەندێکى گرنگ بۆ کۆبونەوەى خەمخۆرانى زمانى کوردى، لەهەمان کاتدا دەرفەت بۆ فێرخوازان و مامۆستایانمان دەڕەخسێنێت بۆ فێربوون و پەرەپێدانی توانا زمانەوانیەکانیان لە ژینگەیەکی گونجاو. ئامانجمان پێشکەشکردنی باشترین خولی پەروەردەیی تایبەت بە زمان و ئاستە جیاوازەکان و توێژینەوەى زمانەوانى دەگرێتەوە، تا زانکۆکەمان بتوانێ ئەرکێکى دیکەى زانستیی و نەتەوەیی بەرامبەر بەکۆمەڵگەکەمان پیادە بکات.
هەر لەم بۆنەیەدا بانگهێشتی زانستخوازان و خەمخۆرانى زمانى کوردى دەکەین، کە سوود لەم ئەکادیمیایە و سەرچاوە زانستیە بەردەستەکان وەربگرن بۆ بەرزکردنەوەی توانای زمانەوانیان و خزمەتکردن بەزمانى کوردى و، پێشخستنی ئاڵوگۆڕی کەلتوری و، پەرەپێدان بەزاراوەکانى زمانى کوردى. لە کۆتایی وتارەکەشیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هیوای سەرکەوتى بۆ ئەم ناوەندە نوێیەى زمان خواست. جارێکی دیکە سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئامادەبوونتان و، پاڵپشتی بەردەوامتان بۆ زانکۆکەمان و خزمەتکردن بە زمان و ئەدەب و کەلتورى کورد.
پاشان دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بەگرنگیەوە باسى لە زمان کرد و ڕایگەیاند: بیرۆکەى دامەزراندنى ئەکادیمیاى زمان لە زانکۆى جیهان دەمێکە لەلامان گەڵاڵە بووە، بەڵام دەرفەت نەڕەخسابوو تا ڕایبگەێنین، ئێستا ئەوە کاتەیە و، پێویستە هەمووان خۆمان بە خەمخۆرى زمانى کوردى بزانین و بایەخى پێ بدەین، بەپێچەوانەوەى زمانەکان بەرەو لەناوچون دەچێ، وتیشى ئەکادیمیایەکەمان ئەرکى زۆر بەتایبەت لە بوارى توێژینەوە و هەوڵدان بۆ چۆنیەتى بەزیندو هێشتنەوەى زمانى کوردى و کارکردن بۆ داهاتویەکى ڕوناک، لە کۆتایی وتەکەشیدا پاڵپشتى و پشتیوانى دەستەى ئەمنیداریەتى بۆ سەرخستنى کار و پڕۆژەکانى ئەکادیمیای زمان لە زانکۆى جیهان دوپاتکردەوە.
هەر لەو مەراسیمەدا، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر محمەد حسێن کەلارى سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بە نوێنەرایەتى دکتۆر ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى دەستخۆشی و ستایشکردنى زانکۆى جیهان بۆ ئەو دەستپێشخەرى و هەنگاوە گرنگە، ئینجا باسى لە کارنامەى وەزارەتەکەى کرد بۆ گرنگى و بایەخدان بەزمانى کوردى بەتایبەت لەبەر ڕۆشنایی بڕیار و ڕاسپاردەکانى سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش وتى: لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەمخۆرانى زمانى کوردى هەنگاوى باشمان بەو ئاراستەیە بڕیوە، بەتایبەت لە دانانى پڕۆگرامێک بۆ خەڵکى بیانى بۆ ئەوەى بتوانن فێرى زمانى کوردى ببن، چ ئەوانەى لە کوردستان دەژین، یان ئەوانەى ئارەزوى فێربونى زمانى کوردى دەکەن، وتیشى لە بەرنامەماندایە ستانداردێکى نێودەوڵەتى بۆ تاقیکردنەوەى زمانى کوردى دابنێین، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە گرنیگەوە باسى لە زمانى کوردى و دەوڵەمەندى و شێوەزارەکانى زمانى کوردى کرد، لە کۆتایی قسەکانیشیدا هیواى سەرکەوتنى بۆ کار و بەرنامەی ئەکادیمیاى زمانى کوردى لە زانکۆى جیهان خواست.
لە بەشێکى مەراسیمەکەدا، هاوکار حەمە فەرەج بەڕێوەبەرى ئەکادیمیاى زمانى کوردى لە زانکۆى جیهان وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد و تیایدا نەخشەڕێى کارى ئەکادیمیایەکە بۆ ئامادەبوان باسکرد، بەشى کۆتایی مەراسیمەکە بریتى بوو لە پێشکەشکردنى چەند پانێڵێک کە تایبەت بوون بە هەڵسەنگاندن و گفتوگۆکردن لەبارەى زمانى کوردى.