لە پۆلندا..زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ فاکەڵتی بایۆلۆجی و بایۆتەکنەلۆژیای زانکۆى وارشۆ میکانزمەکانى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکان دیارى دەکەن
شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە پۆڵندا بەردەوامە لە سەردان و دیدار و کۆبونەوە فەرمیەکانى، لەو چوارچێوەیەشدا لە فاکەڵتی بایۆلۆجی و بایۆتەکنەلۆژیای زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان لەسەر چەندین بابەتى گرنگ ڕێککەوتنیان ئەنجامدا.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٠/٥/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر مارسین فیلیپێکی (Prof. Dr. Marcin Filipecki) ڕاگری فاکەڵتی بایۆلۆجی و بایۆتەکنەلۆژیا (Dean of the Faculty of Biology and Biotechnology) پێشوازى لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندى یاوەریکرد.
لە کۆبونەوەیەکدا؛ گفتوکۆیان لەسەر جێبەجێکردنى هەموو ئەو خاڵانە کرد، کە لە ڕێککەوتنامەى (٢٠١٩)ى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان هاتووە، بۆ ئەو مەبەستەش تاوتوێى ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى (پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتى بۆ زانستە پزیشکی و بایۆلۆژییەکان)یان کرد، کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت.
لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردن ستافى زانستى مامۆستایان و فێرخوازان و، ئاڵوگۆڕی پرۆگرامەکانى خوێندن لە نێوان بەشە پەیوەندیدارەکان، جگە لەوەش جەخت لە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنی ماستەر بۆ دەرچوانى زانکۆ کرایەوە، هاوکات ڕێککەوتنیان لەسەر پێکهێنانی گروپی توێژینەوەى هاوبەش کرد، ئەنجامدانی کۆنفرانس بۆ پڕۆژەی دەرچونى فێرخوازان خاڵێکى دیکەى تەوەرەکانى گفتوگۆکان بوون.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا؛ شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەهاوڕێیەتى هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر مارسین فیلیپێکی (Prof. Dr. Marcin Filipecki) ڕاگری فاکەڵتی بایۆلۆجی و بایۆتەکنەلۆژیا (Dean of the Faculty of Biology and Biotechnology) و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ماگدالینا پاوێلکۆڤیچ (Prof. Dr. Magdalena Pawelkowicz)یاریدەدەرى ڕاگرى هەمان فاکەڵتى (Vice-Dean)، بەش و تاقیگە زانستیەکانى فاکەڵتیەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى دۆخى ژینگەى خوێندن و تاقیگەکان فاکەڵتیەکە بوون.