لە پۆڵندا؛ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى خێرخوازى بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەی چالاکییە کۆمەڵایەتیەکانی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵندا و، لە پەراوێزى چالاکیە زانستیەکانیان لە شارى ووچ سەردانى خانەى منداڵانى بێسەرپەرشتى فۆنداکجا دۆم و لۆدز (Fundacja dom w lodz)یان کرد.
لەو خانەیەدا، کە کۆمەڵێک منداڵانى بێ سەرپەرشتى لە خۆگرتووە، لەهەمانکاتدا بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە و، نەخۆشی ماسولکەکانەوە دەناڵێنن، لە میانەى بەسەرکردنەوەى خانەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ ئەوەى دیاریان پێشکەش بە منداڵان کرد، لەهەمان کاتدا چەند چالاکیەکى هونەرى وەک گۆڕانى و مۆسیقا لە خانەکە بۆ منداڵان ئەنجامدا.
چالاکیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى نوێنەرى وەزارەتى تەندروستى ئەو وڵاتە و بەڕێوەبەرانى خانەکە و نوێنەرى زانکۆى لۆدز، کە بەشدارى چالاکیەکەیان کرد، لەهەمانکاتدا سەرسامى خۆیان پشاندا بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو چالاکیە کۆمەڵایەتى و مرۆیی و هونەرییە بۆ منداڵانى وڵاتەکەیان.