لە چین؛ مامۆستایەکی بەشى بایۆمیدیکاڵ ئاشنای نوێترین تەکنەلۆژیای “دەستنیشانکردنی گەردیلەیی” دەبێت
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date تەممووز 9, 2026
لە درێژەى بەشداریکردنی لە پڕۆگرامی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی “بنیاتنانی تواناکان لە خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە”، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) لە بەشی بایۆمێدیکاڵ زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی مەیدانی بۆ ناوەندی سەرەکیی کۆمپانیای (Ustar Biotechnologies Ltd) لە شاری هانگچۆ لە پارێزگای ژێجیانگ ئەنجامدا.
مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر و، شاندی بەشداربوو سەرەتا لەلایەن لین کێڤن (Mr. Lin Kevin)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Ustar و داهێنەری ئامێری (MultNAT) بۆ دەستنیشانکردنی گەردیلەیی، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە دیدارەکەدا، لین کێڤن ڕونکردنەوەیەکى گشتى دەربارەى کۆمپانیاکەیان بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای “دەستنیشانکردنی گەردیلەیی لە خاڵی چاودێریدا (Point-of-Care Molecular Diagnostics)” خستە ڕوو، کە ئامانجیان دابینکردنی چارەسەری پێشکەوتووە بۆ بەرزکردنەوەی خێرایی، ئاسانی و وردیی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا.
پاشان لە میانی سیمینارێکی تەکنیکیدا، خاتوو نۆرا وانگ(Ms. Nora Wang)، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتنی نێودەوڵەتی، ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی سیستمی (MultNAT) پێشکەش کرد. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پلاتفۆرمێکی ئۆتۆماتیکییە بۆ دەستنیشانکردنی گەردیلەیی کە پشت بە تەکنەلۆژیای (Real-Time PCR) دەبەستێت و بۆ دیاریکردنی خێرای کۆمەڵەیەکی فراوان لە نەخۆشییە گوازراوەکان دیزاین کراوە. وتیشى ئەم سیستمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتی پشکنین و تێچووی کارپێکردن بە بەراورد بە ڕێگە تەقلیدییەکان، ئەمەش وای لێ دەکات زۆر گونجاو بێت بۆ نەخۆشخانەکان، تاقیگە کلینیکییەکان، حاڵەتە کتوپڕەکان و ئەو ناوچانەی سەرچاوەی دارایی و تەکنیکییان سنووردارە.
دواتر، مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل بە یاوەری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، بەشە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی بەسەرکردەوە، لەوانە: قۆناغەکانی دروستکردنی ماددە کیمیاییەکان (Reagents)، ئامادەکردنی گیراوەکان (Buffers)، پڕۆسەی پڕکردنەوەی ئۆتۆماتیکی، و کۆنتڕۆڵی جۆری (Quality Control) لە هەموو قۆناغەکانی پیشەسازیدا. لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا هێرۆ ئیسماعیل محەمەد سوپاس و پێزانی خۆی ئاراستەی کۆمپانیای (Ustar Biotechnologies) کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە و، وتى: ئەم سەردانە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئاشنابوونمان بە ستانداردە توندەکانی دڵنیایی جۆری و تەکنەلۆژیای ئۆتۆماتیکردنی پیشەسازی لە بواری بایۆتەکنەلۆژیادا.



