لە ڕۆژى حەوتەمدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ئاشنای دوو لایەنى دیکەى گۆڕانى کەش و هەوا کران
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا بەردەوامن لە بەشداریکردنیان لە چالاکیە جۆراوجۆرەکانى تایبەت بە هۆکار و دەرئەنجامەکانى گۆڕانى کەش و هەوا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژى حەوتەمدا بەشداریان لە دوو چالاکى دیکەى زانستیدا کرد.
لە چالاکى یەکەمدا، دکتۆر بێروان عەلى (Beriwan Ali) بابەتێکى بەناونیشانى کاریگەری تووشبوون بە میکرۆبی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا (“The impact of microbial infection on climate change)، لەو چوارچێوەیەدا بەوردى باسی لە کاریگەری تووشبوون بە میکرۆبی کرد لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەک باسى لەوەش کرد، کە چۆن دەتوانرێت لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەو کاریگەرییە کەم بکرێتەوە، بۆ ئەوەش ئاماژەى بەئەزمونى تاقیکراوەى چەند وڵاتێک کرد، کە یارمەتیدەربوونە لە کەمکردنەوەى گۆڕانى کەش و هەوا.
لە بەشى دووەمى چالاکیەکەدا، کە لەلایەن دکتۆر لوچا لانگێ (Dr. Łucja Lange) بەناونیشانى يەك جيهان، یەک تەندروستی، داهاتوویەک لەسەر ڕێبازی ‘تەنها تەندروستیەک’ لە کاتی قەیرانی کەشوهەوادا (One World, One Health, One Future, On the ‘Just One Health’ approach in times of climate crisis) پێشکەشى کرد، تیایدا بەڕونى باسى لە قەیرانى گۆڕانى کەش و هەوا و کاریگەرى لەسەر تەندروستى گشتى مرۆڤ کرد، لەگەڵ باسکردن لە چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییە گشتییەکان لەسەر تەندروستی تاکەکان.
دوا بەدواى پێشکەشکردنى بابەتەکان، فێرخوازان بەخستنەڕوى پرسیار و بۆچونەکانیان بەشدارییەکى گرنگی لە بابەتەکە کرد بەتایبەت لە چۆنیەتى سوودوەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتوەکانى بوارى تەندروستیی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا.