لە کوەیت، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە کۆنفرانسی گشتی یەکێتیی زانکۆکانى عەرەب دەکات
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە (٥٧)یەمین کۆنفرانسی گشتی یەکێتیی زانکۆکانى عەرەب، کە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ لە زانکۆى نێودەوڵەتى کۆێت بەڕێوەچوو.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لە ڕۆژانى (٢٣ تا ٢٤/٤/ ٢٠٢٥) بەردەوام بوو، بە یەکێک لە دیدارە ئەکادیمییە دیارەکانی وڵاتانى عەرەبی دادەنرێت، چونکە دەبێتە وێستگەیەکى گرنگ بۆ کۆبونەوەى سەرکردەکانی خوێندنی باڵا لە نێویاندا سەرۆکی زانکۆکان کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم خوێندنی زانکۆ و بەرزکردنەوەی هاریکاری ئەکادیمی و توێژینەوەى زانستى لە نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا.
لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد دەلۆ جەختی لەوە کردەوە کە بەشداریکردنی زانکۆی جیهان-هەولێر لەم چالاکییە ئەکادیمییە دیارەدا، ڕەنگدانەوەی دیدگای ستراتیژی زانکۆیە بۆ بەرزکردنەوە و فروانکردنى بازنەى پەیوەندیییە زانستی و ئەکادیمیەکانى زانکۆ لەگەڵ زانکۆ عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و، ئەنجامدانى کارى هاوبەش لە پێناو پتەوکردنى ئاستی پەروەردە و توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی.
کارنامەی کۆنفرانسەکە بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتى سەرەکی پەیوەست بە باشترکردنی کوالیتی خوێندنی زانکۆ، نوێکردنەوەی پرۆگرامە ئەکادیمییەکان، پاڵپشتیکردنی داهێنان و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ بەرزکردنەوەی هاوبەندى نێوان زانکۆکان لەڕێگەی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری و دەستپێشخەری هاوبەش.
ئەم بەشدارییەى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی زانکۆیە بە باشی ئەکادیمی و پابەندبوونی بە پێشەنگی ئەو دامەزراوانەی، کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدارن لە داڕشتنی ئایندەی خوێندنی باڵا لە عێراق و وڵاتانى عەرەبیدا.