
مامۆستایانى بەشى پەروەردەى گشتى بەدواداچوون بۆ ڕاهێنانی پراکتیکی فێرخوازانی بەشەکە لە قوتابخانەکان دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 19, 2026
لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕاهێنانی پراکتیکیدا و، لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆر ئەحمەد عەبدعەون سەرۆکی بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە یاوەریی ئەندامانی دەستەی مامۆستایانی بەشەکە، سەردانی ئەو قوتابخانانەیان کرد کە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی پەروەردەی گشتی/لقی زمانی ئینگلیزی ڕاهێنانی پراکتیکییان تێدا ئەنجام دەدەن.
هەڵسەنگاندنی مەیدانیی تواناکانی وانەوتنەوە و، بەڕێوەبردنی پۆل:
لە میانەی سەردانەکانیاندا، کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوو ئەنجامیاندا مامۆستایانى سەرپەرشتیار بەشدارییان لە وانەکانی فێرخوازە ڕاهێنراوەکاندا کرد، بە مەبەستی چاودێریکردن و، هەڵسەنگاندنی تواناکانیان لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی پۆل، شێوازەکانی وانەوتنەوە، گەیاندنی زانیاری، پەیوەندیکردن لەگەڵ قوتابیان و، جێبەجێکردنی زانیارییە تیۆرییەکان لە ژینگەی ڕاستەقینەی پۆلدا.
هەروەها لە ڕێگەی چاودێریی ڕاستەوخۆوە، ئاستی ئامادەیی پیشەیی فێرخوازان هەڵسەنگێندرا و، ڕێنمایی و، تێبینیی پێویستیان پێشکەش کرا بۆ دیاریکردنی خاڵە بەهێزەکان و، ئەو بوارانەی پێویستیان بە پەرەپێدانی زیاتر هەیە، تاکو تواناکانیان لە وانەوتنەوە و، بەڕێوەبردنی پۆلدا باشتر بێت.
ئەم سەردانە مەیدانییانە بەشێکی بنەڕەتین لە هەوڵەکانی بەشی پەروەردەی گشتی/لقی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەستنەوەی لایەنی تیۆری بە ئەزموونی کردارییەوە، بۆ ئەوەش سەرۆکى بەش و مامۆستایانى بەشەکە لە میانەى بەسەرکردنەوەى فێرخوازاندا سوپاسی بەڕێوەبەرى و کارگێڕی و، مامۆستایانی قوتابخانەکانیان کرد لە بەرامبەر کارئاسانی و، هاوکارییان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕاهێنانی فێرخوازان لە قوتابخانەکانیان.
فێرخوازانی بەشەکانی کارگێڕی گشتی و، کارگێڕی کار سەردانێکی زانستی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و، باری شارستانیی هەولێر ئەنجام دەدەن
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەن
You may also like


