مامۆستایەکی بەشى ئەندازیارى تەلارسازى لە زانکۆی جیهان-هەولێر نەخشەسازیی “مزگەوتی گەورەی بارزانی”یە لە شاری هەولێر
- Categories بهشی ئهندازیاری تهلارسازی
- Date حوزهیران 23, 2026
بە ڕاسپاردە و چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە کارکردن لەسەر داڕشتنی دیزاین و نەخشەسازیی “مزگەوتی گەورەی بارزانی” لە شاری هەولێری پایتەخت دەستی پێکردووە.
ئەرکی کێشانی نەخشەسازیی بنەڕەتیی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، سپێردراوە بە ئەندازیاری (گۆران ڕەشید فەتاح)، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر و خاوەنی کۆمپانیای “GRAF” بۆ ڕاوێژکاری ئەندازیاری.
لە مەراسیمى دانانى بەردى بناغەى ئەو مزگەوتە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشى هەوڵ و دیدگا و توانا فراوانەکانى ئەندازیاری (گۆران ڕەشید فەتاح) و وتى: ئەوەی جێی دڵخۆشییە، ئەم تەلارسازییە، بە بیرۆكەیەكی كوردی و بە دەستوبازووی ئەندازیاری كوردەوە دروست كراوە. جێی خۆیەتی باسی ئەوە بكەم كە كاتێك ئێمە بیرۆكەكەمان باس كرد لەگەڵ بەڕێز وەزیری ئەوقاف كاك پشتیوان، ئێمە بە دوای كەسێكی بەتوانادا دەگەڕاین كە بتوانێت یارمەتیی ئێمە لە دروستكردنی ئەم بیرۆكەیە یان ئەم بیرۆكەیە بكات بە ئەمری واقیع، دواتر وەك دكتۆر گۆران، ئەو هات و لەگەڵی دانیشتین، دوای چەندین جار قسەكردن، چەندین گۆڕانكاریشمان بەسەر دیزایینەكەدا كرد، بەڵام لە ئەنجامدا گەیشتینە ئەم شێوازەی كە ئێستا لەبەرچاوتانە. دەستخۆشی لە كاكە ئەندازیار گۆران دەكەم، بە ڕاستی كارێكی ناوازەی كردووە و ئینشائەڵا هەر زوو دەست دەكەین بە دروستكردنی ئەم مزگەوتە گەورەیە كە بكەوێتە خزمەتی هەموو هاونیشتمانییانی بەڕێز.
دیزاینەکە بە مۆرکێکی کوردەواری و لەسەر شێوازی ڕەشماڵی کوردی نەخشەی بۆ کێشراوە و سروشتی کوردستان و مێژووی ژیانی شکۆمەندانەی ڕابەری نیشتمانیی کوردستان مستەفا بارزانی ڕەنگی داوەتەوە. کە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا بونیاد دەنرێت، بە گەورەترین پڕۆژەی مزگەوت لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووی ڕووبەری گشتییەوە هەژمار دەکرێت، هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش پلەی سێیەمی هەیە لە ڕووی توانای لەخۆگرتنی نوێژخوێنان. دیدگای نژیاروانیی پڕۆژەکە لە کلتووری ڕەسەنی کوردی و جوانیی سروشتی کوردستان و میراتی مێژوویی سەرۆکی کۆچکردوو (مەلا مستەفا بارزانی) وەرگیراوە، کە تێیدا هونەری تەلارسازیی تەقلیدیی کوردی بە شێوازێکی مۆدێرن و هاوچەرخ بەرجەستە کراوە.
پێکهاتەی تەلارسازیی مزگەوتەکە چەندین هێمای مێژوویی لەخۆ دەگرێت؛ قوبە سەرەکییەکەی بە تیرەی ٦٤ مەتر و چوار منارەی هاوتەریب بە بەرزیی ٧٦ مەتر دیزاین کراون، کە بەرزیی منارەکان هێمایە بۆ تەمەنی ژیانی ڕابەری نیشتمانی مستەفا بارزانی. هەروەها دەروازە سەرەکییەکەی بە بەرزیی ٢١ مەتر بونیاد دەنرێت، کە بە یەکێک لە بەرزترین دەروازەکانی مزگەوت لە جیهاندا دادەنرێت. هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن توانای لەخۆگرتنی ٩٠٠٠ نوێژخوێنی هەیە، جگە لە فەزای دەرەوە و باخچەکان کە بۆ مەراسیمە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان تەرخان کراون.
مزگەوتی گەورەی بارزانی تەنها شوێنێکی پەرستن نییە، بەڵکو ناوەندێکی مەعریفی و کلتووریی گەورەیە؛ پڕۆژەکە چەندین بەشی گرنگی وەک کتێبخانە، مۆزەخانە، قوتابخانەی ئایینی، سەنتەری کۆنفرانس، و گەورەترین ئەرشیفی دەستنووسە کوردی و ئایینییەکان لەخۆ دەگرێت. هەروەها لایەنی ژینگەیی و جوانیی پڕۆژەکە بایەخێکی زۆری پێ دراوە لەرێگەی دروستکردنی یەکێک لە گەورەترین تاڤگە دەستکردەکان و دەریاچە و باخچە ڕێکخراوەکان لەسەر ئاستی جیهان. ئەم پڕۆژەیە وەک سیمبولێکی هەمیشەیی بۆ ئیمان، ناسنامە و شکۆمەندیی کوردستان لە مێژوودا دەمێنێتەوە.



