مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وڵاتی چین بەشداری لە پڕۆگرامێکی نێودەوڵەتی بۆ چاکسازیی کەرتی تەندروستی دەکات
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date حوزهیران 24, 2026
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ کۆمارى میللى چین، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشداری لە پڕۆگرامێکی ڕاهێنانی نێودەوڵەتیدا کرد بە ناونیشانی “بونیادنانی تواناکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو”.
ئەم پڕۆگرامە لە شاری (تشنغدو)ی وڵاتی چین، بەڕێوەچوو، لە میانی چالاکییەکانی پڕۆگرامەکەدا، ڕۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، سیمینارێکی زانستی بە ناونیشانی “ڕۆڵی نەخۆشخانە هەرێمییەکان لە سیستمی تەندروستیی پلەبەندی” لە لایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر (شیانگ یانگ) جێگری بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی لە نەخۆشخانەی گەلی سیچوان پێشکەش کرا. لەم وانەیەدا شیکردنەوەی ورد بۆ مێژووی پەرەسەندنی سیستمی تەندروستیی چین لە ساڵی ١٩٤١ەوە تاوەکو ٢٠٢٦ کرا، لەگەڵ خستنەڕووی ستراتیژییەکانی چاکسازی کە جەخت لە پێشینەیی چاودێریی سەرەتایی، جیاکردنەوەی نەخۆشییە کتوپڕەکان لە درێژخایەنەکان، و ئاسانکاری بۆ گەیشتنی نەخۆش بە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا دەکاتەوە. هەروەها تیشک خرایە سەر ژێرخانی تەندروستیی شاری تشنغدو و ڕۆڵی پزیشکانی گشتی لە دابینکردنی چاودێرییەکی کاریگەر بۆ دانیشتووان.
تەوەرێکی دیکەی پڕۆگرامەکە تەرخانکرابوو بۆ “تێڕوانینێکی گشتی بۆ سیستەمی خزمەتگوزاریی تەندروستیی سەرەتایی لە چین” کە لە لایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر (فانگ شیاو مینگ) لێپرسراوی بەشی چاودێریی سەرەتایی لە لێژنەی تەندروستیی سیچوان پێشکەش کرا. بۆ ئەوەش باسى پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بنکە تەندروستییەکانی لە شارۆچکە و گوندەکان وەک بنەمای سەرەکیی سیستمەکە کرد. هەروەها ئاماژەی بە ڕێڕەوی پەروەردەی پزیشکی لە چین کرد، کە تێیدا فێرخوازان دوای ١٢ ساڵ خوێندنی گشتی و ٥ ساڵ خوێندنی پزیشکی، دەبێت ٣ ساڵ ڕاهێنانی کلینیکیی ستاندارد ببڕن تاوەکو مۆڵەتی پیشەیی وەردەگرن.
چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کارلێکەر کۆتایی هات، کە تێیدا مامۆستای زانکۆی جیهان-هەولێر و بەشداربووانی وڵاتانی دیکە ئەزموونەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی چۆنیەتی گۆڕینی مۆدێلی چاودێری لە “نەخۆشی-سەنتەر”ەوە بۆ “تەندروستی-سەنتەر” بە مەبەستی باشترکردنی کوالێتی ژیان.



