
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕۆڵ و هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێری لە پەرەپێدانی ژینگەی خوێندن و توێژینەوەی زانستیدا بەرز هەڵسەنگاند
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 12, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 11/11/2026، ئاهەنگی دەرچووانی خولی شانزدەیەمی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بەڕێوە چوو. لە میانەی ئاهەنگەکەدا، دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نوێنەرایەتیی دکتۆر ئارام محەممەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی ئاراستەی ئامادەبووان و دەرچووان کرد.
بەرجەستەکردنی ڕۆڵی زانکۆ لە پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی:
لە دەستپێکی وتارەکەیدا، دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس سڵاو و پیرۆزباییی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاڕاستەی دەرچووان و خێزانەکانیان کرد و ڕایگەیاند: دروستکردنی مۆڕاڵ و توانای مرۆیی، درێژخایەنترین و بەهادارترین وەبەرهێنانە و، خوێندنی باڵاش پایەیەکی سەرەکییە لەم پرۆسەیەدا. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە وەزارەت بە شانازییەوە ڕێز لە ماندووبوونی مامۆستایان، ئارامیی خێزانەکان و هەوڵی بێپچڕانی دەرچووان دەگرێت، هەروەک ڕۆڵ و هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێری لە پەرەپێدانی ژینگەی خوێندن و توێژینەوەی زانستیدا بەرز هەڵسەنگاند.
پێویستیی هاوچەرخبوونی دەرچووان لەگەڵ ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیا:
لە بەشێکی تری وتارەکەدا، ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوونی کردەوە کە سەرکەوتنی زانکۆ لە لێهاتوویی دەرچووەکانیدا بەرجەستە دەبێت؛ بەتایبەت لەگەڵ خێرابوونی گۆڕانکارییە تەکنەلۆجییەکان و ژیریی دەستکرد.
هاوکات داوای لە دەرچووان کرد کە بەردەوام تواناکانیان پەرە پێ بدەن، بە ویژدان و ئاکاری بەرزەوە بنەما پیشەیییەکان پەیڕو بکەن و، بە بیرۆکە و دەستپێشخەرییەکانیان بەشداری لە دروستکردن و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا ببن.
پەیامی سوپاسگوزاری و پیرۆزبایی:
لە کۆتاییی وتارەکەیدا، دکتۆر سەباح ئیبراهیم وەیس سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر، دەستەی ئەمینداریەتی زانکۆکانی جیهان و مامۆستایانی کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان لە پێگەیاندنی ئەم پۆلە لە کادیرانی لێهاتوو.
هەروەها بەناوی وەزیری خوێندنی باڵاوە دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووان و کەسوکاریان کرد و هیوای ئایندییەکی گەش و پڕ لە دەستکەوتی بۆ خواستن لە خزمەتکردنی کوردستان و عێراقدا.



