پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر: پێویستە وێبسایتى زانکۆ ڕەنگدانەوەى ناو و پێگەى زانکۆ بێت
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ستافى بەڕێوەبردنى وێبسایتى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکەمان خاوەن ژێرخانێکى پتەو و سەرمایەیەکى مرۆیی بەهێز، بۆیە پێویستە وێبسایتى زانکۆ ئاوێنەى زانکۆ و ڕەنگدانەوەى ناو و پێگە زانستیەکەى بێت.
هەر لە میانەى ئەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە چەند ڕویەکەوە باسى لە گرنگى وێبسایت کرد و، ڕایگەیاند: لەم سەردەمى تەکنەلۆژیایەدا زانکۆکان و دامەزراوە جیاکان بایەخێکى زۆر بە وێبسایتەکانیان دەدەن و، سەرجەم کاروبارەکانیان و ناساندنى بەش و پێکهاتە و بەرهەمەکانیان پیشانى خەڵکى دەدەن، هەندێکجار بەشێک لە دامەزراوەکان زیادەڕۆیی لە وێبسایتەکانیان دەکەن، بەجۆرێک شتى وا باس دەکەن، کە لە ئەرزى واقیعدا نیە، وتیشى لە ڕووى زانستیەوە وێبسایتەکان گرنگترین دەروازەن بۆ هەڵسەنگدان و ڕیزبەندییە جیهانیەکان و، ڕایکردنى مامەڵەى فێرخوازان و مامۆستایان و بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى و کۆڕ و کۆنفرانس و چالاکى جۆراوجۆرەکان.
سەبارەت بە وێبسایتى زانکۆى جیهان-هەولێر پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتى: خۆشبەختانە زانکۆکەمان خاوەن ژێرخانێکى پتەو و سەرمایەیەکى مرۆیی بەهێزە، لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ پراکتیزەکردنى ستاندار و پێوەر نێودەوڵەتیەکان، چونکە چاومان لەوەیە ببینە زانکۆیەکى نێودەوڵەتى، بۆ ئەوەش گرنگە ئاوڕێکى جدى لە وێبسایتى زانکۆ بدەنەوە و، کار و چالاکى و پڕۆژە جۆراوجۆرەکان لە وێبسایتى زانکۆ بڵاوبکەینەوە، بەجۆرێک وێبسایتەکەمان ببێتە ئاوێنەیەکى ڕاستەقینەى زانکۆ، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵەکان چڕتر دەکەینەوە و کارى زیاتر ئەنجام دەدەین.
لە کۆتایشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لێژنەى ڕاپەڕاندنى کاروبارەکانى وێبسایتى زانکۆى ڕاسپاردە هەوڵەکانیان زیاتر بکەن و، چالاکى زیاتر لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى فێرخوازان و خزمەتکردنى کۆمەڵگە لە بوارە جیاوازەکان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ڕێنمایی و ڕاسپاردەى زانستى و کارگێڕى ئاراستەى ئەندامانى لێژنەکە کرد و، دوپاتى لە ئەنجامدانى کۆبونەوەى بەردەوامیش کردەوە.