پڕۆژەیەکى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك بەشدارى لە یهكهمین دیداری زانكۆكانی كوردستان بۆ پڕۆژهی توێژینهوهی دهرچوون دەکات
زانکۆى جیهان-هەولێر بە پڕۆژەیەکى فێرخوازان بەشدارى لە یهكهمین دیداری زانكۆكانی كوردستان بۆ پڕۆژهی توێژینهوهی دهرچوون کرد.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێككهوتی(٣/١٢/٢٠٢٣) بەئامادهبوونی پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە نوێنەرى زانکۆکان و مامۆستایان یهكهمین دیداری زانكۆكانی كوردستان بۆ پڕۆژهی توێژینهوهی دهرچوون به ناونیشانی “گهڕان بهدوای زانین و داهێنان” بهڕێوهچوو.
لهسهرهتای دیدارەکەدا چەند وتەیەک پێشکەشکران و تیایدا باسیان لە ئامانجی دیدارەکە کرد، کە بۆ پیشاندانی تواناكان و گەشەدانە بە كەلتووری گەڕان بەدوای زانین و داهێناندا، چونكه توێژینهوهی سهركهوتوو ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ لە بە هێزكردنی تواناكان بۆ پێشەنگبوونی وڵات له ههموو ڕویهكهوه، هەروەک هەوڵێكە بۆ دروستكردنی نەوەیەكی داهێنەر بۆ ئهوهی بەشداربێت لە چارەسەركردنی کێشەکاندا. پاشان بەرنامەى کارى دیدارەکە دەستپێکرد.
لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەریەک لە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، مامۆستاى یاریدەدەر فیراس محمد زەکی مامۆستا لە بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و، عەلی سامی و بۆتان کامەران و موهەندان عەبدولحەمید دەرچووی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك بەشداریان لەم دیدارەدا کرد.
لە دیدارەکەدا، دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە پڕۆژەى (vein finder) بەشداریان کرد، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عادل حسێن محمد سەرۆکى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك ئامادەیان کرد بوو، پڕۆژەکە هاوکارێکی زۆر و کردەیی لەچارەسەرکردنی کێشەی دۆزینەوەی خوێنبەرە بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان دەکات، کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت،دواى خستنەڕوى ناوەڕۆکى پڕۆژەکە و لایەنە جیاکانى، لێژنەى سەرپەرشتیارى دیدارەکە ستایشى پڕۆژەکەیان کرد بەتایبەت هەنگاونان بۆ پراکتیزەکردنى بۆ خزمەتکردنى گشتى، لە ئەنجامدا پڕۆژەکە مەدالیاى پڕۆژە نایابەکانى لەلایەن دیدارکە پێ بەخشرا.