پۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بڕوانامەى بەسەر بەشداربوانى خولى خۆراکی کلینیکی دابەشکرد
لە بەردەوامى ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى خولە جۆراوجۆرەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا خولێک لە بوارى خۆراکى کلینیکى بەناونیشانى (Clinical Enteral and Parentral Nutrition).
لەو خولەدا، کە بۆ ماوەى دوو هەفتە بەردەوام، (١٧) فێرخواز و دەرچوو لە زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى هەولێرى پزیشکى بەشداریان تێدا کرد، لە میانەى خولەکەدا مامۆستا رەزا هاشمی ڕۆژانە لە تاقیگە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى باسى لە جۆر و بەها خۆراکیەکان و خۆراکى تەندروست کرد، هەروەک شیکردنەوەى تەواوى لە بارەى پێکهاتە خۆراکیەکان بەپێى پێویستى نەخۆشەکان کرد، هاوکات بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنان بە فێرخوازان کرد.
لە کۆتایی خولەکەشدا مەراسیمێک بەڕێوەچوو، بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا باسى لە گرنگى ئەم جۆرە خولانە بۆ فێرخوازان و دەرچوان کرد و وتى: نابێت تەنها پشت بە بڕوانامەى زانکۆیی ببەستن، بەڵکو دەبێت دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى زانکۆش بەشێوەیەکى بەردەوام بەشدارى لە خولەکان بکەن بۆ ئەوەى ئاست زانست و زانیارییەکانتان نوێ بکەنەوە و، بەشێوەیەکى کردارى برەو بەئاستى زانستیتان بدەن و خۆتان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن، هەروەک پاڵپشتى و پشتیوانى زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ بەردەوامیدان بەو جۆرە خولانە دوپاتکردەوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بڕوانامەى بەسەر سەرجەم بەشداربوانى خولەکە و مامۆستایان دابەش کرد و، پیرۆزبایی و دەستخۆشى لێکردن.