
بۆ جارى سێیەم؛ زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتێکى زانستیی نێودەوڵەتی بۆ خولێکى ڕاهێنان لە وڵاتی چیک بۆ فێرخوازانى ڕادەگەیەنێت
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 28, 2026
لە بەردەوامى هەوڵە بەردەوامەکانی و، بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندن و فراوانکردنی ئاسۆی زانستیی فێرخوازان، زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتێکی دیکەى ناوازە بۆ فێرخوازانى لە وڵاتى چین بۆ بەشداریکردن لە خولێکى دیکەى ڕاهێنان ڕادەگەێنێت.
خولەکە بە ناونیشانی“تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (Health, Safety, and Environment)، بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پالاسکی (Palacký University Olomouc)ی بەناوبانگ لە وڵاتی چیک بەڕێوەدەچێت.
ئەم کۆرسە هاوشێوەى کۆرسى پێشوتر بە شێوەیەکی تایبەت بۆ فێرخوازانی پسپۆڕیی و بەشەکانى ئەندازیاری تەلارسازی، تەکنیکیی تەندروستی، زانستەکان (Applied Sciences) وەک بایۆمێدیکاڵ و مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی و سەرجەم ئەو بەشانەی کارکردن لە تاقیگەدا بەشێکی سەرەکیی خوێندنیانە دیزاین کراوە، بەشداریکردن لەم دەرفەتە زێڕینە، ئەزموونێکی نێودەوڵەتیی گرنگ و بڕوانامەیەکی باوەڕپێکراو لە زانکۆیەکی پێشەنگی ئەوروپی بە فێرخوازان دەبەخشێت.
تەوەرەی خولەکە و، دیاری کردنی دوا مۆڵەت:
لە میانەی ئەم بەرنامە ئەکادیمییە پێشکەوتووەدا کە لە ڕێککەوتی 01/02/2027 تاوەکو 05/02/2027 بەڕێوە دەچێت (ماوەی گەشتەکە بە گشتى 9 ڕۆژ دەخایەنێت)، فێرخوازان بە شێوازێکی تەواو زانستی و، کردەیی فێری بوارەکانی سەلامەتیی پیشەیی، ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە تاقیگەکان، بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و، سیستمەکانی پاراستنی ژینگە دەبن.
دووا مۆڵەت بۆ خۆ تۆمارکردن و، پێشکەشکردنی داواکاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 05/11/2026 دەبێت.
ئەو فێرخوازانەی ئارەزووی بەشداریکردنیان لەم دەرفەتە زانستییە نێودەوڵەتییەدا هەیە، پێویستە بۆ خۆ تۆمارکردن لە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێککەوتى (28/10/2026) تا پێش ڕێککەوتى )05/11/2026( سەردانی سەرۆکایەتیی بەشەکانی خۆیان یان نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر بکەن.



