زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى فێستیڤاڵی شەوانەی بازاڕ کار بۆ دەرخستنى توانا و لێهاتویەکان و بەستنەوەى زانکۆ و کۆمەڵگە دەکات و هەموو لایەک ستایشى دەکەن
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date ئاب 31, 2026
ئێوارەى ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 27/08/2026، فێستیڤاڵی شەوانەی بازاڕی زانکۆی جیهان-هەولێر بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای زانکۆ و پارێزگاری هەولێر و کۆمەڵێک لە خاوەنکاران و فێرخوازان دەستی پێکرد. ئەم چالاکییە کە بۆ ماوەی 10 شەو بەردەوام دەبێت، ئامانج لێی ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ فێرخوازان و دەرچووان تاوەکو بەرهەمە دەستی و پڕۆژە بچووکەکانی خۆیان بە بازاڕ و کۆمەڵگە بناسێنن.
ئامانجەکانی فێستیڤاڵەکە جۆراوجۆرن
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى فێستیڤاڵەکە و لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیا تیشکی خستە سەر ڕەهەندە ئابووری و فێرکارییەکانی فێستیڤاڵەکە و وتی: “ئەم چالاکییە فاکتەرێکە بۆ بوژانەوەی بازاڕ و ڕەخساندنی جێگە بۆ خاوەن پیشەکان تا کارەکانیان نمایش بکەن. جگە لەوەش ئەمە دەرفەتێکە بۆ فێرخوازانمان تا فێری کڕین و فرۆشتن ببن و لەگەڵ بازاڕى کاردا هەڵسوکەوت بکەن. هاوکات مایەى خۆشحاڵیە، کە بەشێکی زۆری بەشداربووان دەرچووی زانکۆکەمانن؛ ئەمەش وەفای ئێمەیە بەرانبەریان تا زەمینەیەکیان بۆ بڕخسێنین، چونکە لەبەر ڕۆشنایی ئەم فێستیڤاڵەدا، فێرخواز دەتوانێت دیراسەی بازاڕ بکات و بزانێت بازاڕ چی پێویستە، ئەمەش پردی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و بازاڕ بتەوتر دەکات.”
ستراتیژی زانکۆ لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان، دەربارەی گرنگیی ئەم هەنگاوە لە لێدوانێکى میدیایدا ڕایگەیاند: “چوونە ناو کۆمەڵگە و هێنانى تاکەکانى کۆمەڵگە بۆ ناو زانکۆ، یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی زانکۆکان. بۆیە ئێمە دەبێ ژینگەیەک دروست بکەین کە تێیدا هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگە لەگەڵ یەکتر ئاشنا بکەین. لەو چوارچێوەیەشدا وەک دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ هەمیشە پاڵپشتی گەنجانمان کردووە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی براند و کاری سەربەخۆی خۆیان. خۆشحاڵین ئەمڕۆش دەبینین زۆرێک لەو گەنجانەی لێرە خاوەن پڕۆژەن، دەرچووی زانکۆى جیهان-هەولێرن. ئەمە داینەمۆی زانکۆکەمانە، کە تایبەتمەندە لە دروستکردنی کارامەیی بۆ ئەوەی هەر کەسێک بڕوانامەکەی بکاتە هەوێنی ئایندەی خۆی.”
پڕۆژە بچووکەکان و بەهرەی فێرخوازان
لە فێستیڤاڵەکەدا، بەشداربووان و خاوەن پڕۆژەکان ئەزموونی خۆیان خستۆتە ڕو. خاتوو پەری، خاوەنی پڕۆژەی (ماڵی پەری) بۆ خواردنی ناوخۆیی لە وتەیەکیدا دەستخۆشی لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ئاماژەی بەوە دا کە پێشبینی ئەو قەرەباڵغییەی نەکردووە و، خواردنەکانیشی بۆ هەموو تەمەنەکان گونجاندووە. هەروەها خاتوو سێبەریش، کە خاوەنی پڕۆژەی کاری دەستییە، وتی: “ئەمە یەکەم جارە بەشداری دەکەم و بەرهەمی کۆنکرێت و مۆم و ڕەیزن بە دەستی خۆم دروست دەکەم. هەستێکی زۆر خۆشە کە دەبینم لە پاڵ خوێندنەکەمدا لەسەر پێی خۆم وەستاوم.” لە هەمان کاتدا، خاتوو ئیمان کە فێرخوازی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکییە لە زانکۆى جیهان-هەولێر، باسی لەوە کرد کە توانیویەتی بە هاوکاری خێزانەکەی بزنسە گچکەکەی لە بواری کاری دەستیدا لەم فێستیڤاڵەدا بە خەڵک بناسێنێت.
پەیوەندی کۆمپانیاکان و دیدی سەردانیکەران
کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش وەک بەشێکی سەرەکی لەم فێستیڤاڵە بەشدار بوون. نوێنەری کۆمپانیای سەنابل ڕەحمە (بریکاری ئیستاک) دەستخۆشی لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و ئاشناکردنی خەڵک بە براندەکان. ستافی (ئەربیل دۆنەر)یش جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت گەنجان دەستەوستان بن و دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێ بکەن. لەو چوارچێوەیەشدا گەنجێک بە ناوى شێروان، وەک سەردانیکەرێک، ئاماژەی بەوە کرد ئەم فێستیڤاڵە جیاوازە، چونکە لە ناوەندێکی ئەکادیمیی وەک زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوە دەچێت و گرنگییەکی تایبەت بە کاری دەستی دەدات. لە کۆتاییدا خاوەن پڕۆژەیەکی شیرینی وتی: “ئەم دەرفەتە یارمەتیدەرم بوو خەونەکانم ببینم و، ئەو تامانەی بە دەستی خۆم دروستیان دەکەم بە خەڵک بناسێنم.”
ئەم فێستیڤاڵە کە سیستمێکی ڕێکخراوی بۆ ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و پەرەپێدانی توانای گەنجان پەیڕەو کردووە، تاوەکو چەند شەوێکی دیکە بەردەوام دەبێت و، پێشبینی دەکرێت ببێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ گۆڕینی کەلتوری کارکردن لە ناو گەنجانی هەرێمی کوردستاندا.



