زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتى خولێکى ڕاهێنانى نێودەوڵەتیی لە وڵاتی پاکستان بۆ فێرخوازانی ڕادەگەێنێت
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 25, 2026
لە بەردەوامى هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندن و فراوانکردنی ئاسۆی زانستیی فێرخوازان، زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتێکی ناوازە بۆ فێرخوازانى ڕادەگەێنێت بۆ بەشداریکردن لە کۆرسێکى هاوینەی نێودەوڵەتی لە وڵاتی پاکستان ڕادەگەیەنێت. ئەم خولە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ئەو فێرخوازانەی ئارەزووی پەرەپێدانی لێهاتووییە ئەکادیمی و پراکتیکییەکانیان دەکەن لە ژینگەیەکی زانستیی پێشکەوتوودا و دەیانەوێت ئەزموونێکی مەیدانی لە دەرەوەی وڵات بەدەست بهێنن.
وردەکاریی و کاتی بەڕێوەچوونی خولەکە:
بەرنامەی ڕاهێنانەکە بۆ ماوەی چوار هەفتە بەردەوام دەبێت. خولەکە لە ڕێکەوتی ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٦ دەست پێ دەکات و تاوەکو ١٤ی ئابی ٢٠٢٦ کۆتایی پێ دێت. پڕۆگرامەکە چەندین تەوەری زانستی و تەکنەلۆژیی سەردەمیانە لەخۆ دەگرێت کە یارمەتیدەر دەبێت لە دەوڵەمەندکردنی پاشخانی مەعریفیی بەشداربووان و ئاشناکردنیان بە نوێترین داهێنانەکان لە بوارە جیاوازەکاندا.
تێچوو و ئاسانکارییەکان:
وەک پاڵپشتییەک بۆ فێرخوازان، لایەنی ڕێکخەر (کۆلێژی زانست و تەکنەلۆژیا لە پاکستان) تەواوی تێچووی شوێنی نیشتەجێبوون (Accommodation) لە ئەستۆ دەگرێت و بە شێوەیەکی خۆڕایی بۆ فێرخوازە وەرگیراوەکان دابین دەکرێت. تەنها تێچووەکانی پەیوەست بە گەشتکردن (بلیت) و ڕێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا لەسەر ئەستۆی خودی فێرخوازی پێشکەشکار دەبێت.
مەرج و وادەی پێشکەشکردن:
ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داوا لە فێرخوازانی ئارەزوومەند دەکات پەلە بکەن لە تۆمارکردنی ناوی خۆیان لەم بەستەرە (NUST Emblem | NUST)، چونکە دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی داواکاری (Deadline) ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٦/٣٠ دەبێت. ئەم پڕۆگرامە هەلێکی گرنگە بۆ تێکەڵبوون بە کلتوورە جیاوازەکان و بونیادنانی پەیوەندیی زانستی لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئایندەی پیشەیی فێرخواز دەبێت.
هەر فێرخوازێکی ئارەزوومەند، دەتوانێت لەم کۆرسەدا بەشدار بێت، بۆ بەدەستهێنانى هەر زانیارییەکى دیکە بە زووترین کات سەردانی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی زانکۆی جیهان-هەولێر بکەن.



