Back

فێرخوازانی کۆلێژی پزیشکیی ددان سەردانێکی پەروەردەیییان بۆ قوتابخانەی نێودەوڵەتیی کادیموس ئەنجام دا

ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتى 11/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی پێنجەمی کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی پەروەردەیییان بۆ قوتابخانەی نێودەوڵەتی کادیموس بە سەرپەرشتی مامۆستا ڕازان بورهان الدین محمد ئەنجامدا.

گرووپەکە سەرەتا لەلایەن ڕیم ماکێ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتیی کادیموس بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان دەستیان بە چالاکییەکەیان کرد، بۆ ئەوەش پشکنینی ددانیان بۆ پۆلەکانی KG1، KG2 و پۆلەکانی 1، 2، و 3ی بنەڕەتی ئەنجام دا.

لە چوارچێوەی پشکنینەکاندا، فێرخوازانی کۆلێژی پزیشکیی ددان کێشەی ددانی ئەو قوتابییانەیان دەستنیشان کرد و هۆشیاریی تەندروستیی دەم و ددانیان پێشکەش کردن.

دوای پشکنینەکان، لاپەڕەی کەیسی ددان کە بە شێوەیەکی تایبەت دیزاین کراون و دیاگرامی ددانەکانیان تێدایە تەواو کران بۆ ناسینەوەی ددانی تووشبوو. ئەم وەرەقانە بۆ منداڵەکان دابین کران بۆ ئەوەی لەگەڵ دایک و باوکیان هاوبەشی بکەن، تا ئاگاداری بارودۆخی ددان و پێداویستییەکانی چارەسەری منداڵەکانیان ببن.

هەروەها فێرخوازان نەخۆشخانەی پزیشکیی ددانی جیهان و خزمەتگوزارییە کوالیتی بەرزەکانی ددانیان بە ستافی قوتابخانەکە ناساند و، تیشکیان خستە سەر ئەو چارەسەرانەی کە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی چوارەم و پێنجەمی پزیشکیی ددان لە ژێر چاودێریی پیشەییدا لە نەخۆشخانەکەدا پێشکەش دەکرێن.