
فێرخوازانى زانکۆی جیهان – هەولێر لە پاڵەوانیەتی شەترەنجی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی کچان و پلەی سێیەمی کوڕانیان بەدەستهێنا
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 11, 2026
ڕۆژى سێشەممە، ڕێککەوتی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕکابەرییەکانی پاڵەوانیەتی شەترەنج لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی بە بەشداری زیاتر لە ٣٤ یاریزان لە فێرخوازان و مامۆستایانی سەر بە ژمارەیەک زانکۆ و پەیمانگەی هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.
لەم ململانێ وەرزشییە بەهێزەدا، هەڵبژاردەی زانکۆی جیهان – هەولێر بەسەرپەرشتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بە ئامادەیییەکی درەوشاوەی فێرخوازانى لەسەر هەردوو ئاستی کوڕان و کچان بەشدارییەکى کاراى کرد و توانیان سەرکەوتنی گەورە لەسەر ئاستی بەشداربووان تۆمار بکەن.
یارییەکانی ئەم پاڵەوانیەتییە بە سیستمی ٧ ڕاوەندی سویسری بەڕێوەچوون، کە تێیدا سەرجەم یاریزانان ٧ یاری تەواویان ئەنجامدا.
لەو چوارچێوەیەدا و، ڕاوەندی یەکەمدا بەپێی تیروپشک یاریزانان بەرامبەر یەکتر ڕاوەستان، بەڵام لە ڕاوەندەکانی دووەم تا حەوتەمدا بەپێی کۆی خاڵەکان براوەکان بەرامبەر براوە و دۆڕاوەکان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
ئەم شێوازە ڕکابەرییەکی زۆر توندی هێنایە ئاراوە؛ توندی و ئاست بەرزی یارییەکان بە جۆرێک بوو کە یاریزانان لە ھەر ئانوساتێکدا ناچار دەبوون ستراتیجیەتی یارییەکەیان بگۆڕن تا پارێزگاری لە خاڵەکانیان بکەن.
لە کۆتایی پاڵەوانیەتییەکەدا، فێرخوازانى زانکۆی جیهان – هەولێر توانیان ئەنجامی زۆر بەرز لە پاڵەوانیتیەکەدا تۆمار بکەن. بەجۆرێک لەسەر ئاستی کچان، یاریزان “فاطمە فرهاد مصطفى” فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشى ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە کۆکردنەوەی ٤ خاڵ لە کۆی ٤ بردنەوە لە ٧ یاری دا، ئاستێکی بێوێنەی پێشکەش کرد و پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکەی بەدەستهێنا.
لەسەر ئاستی کوڕانیش، “علی سورداش حسن” فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشى ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک. لە ڕکابەرییەکی سەختدا بە کۆکردنەوەی ٥ خاڵ لە ٥ بردنەوە لە کۆی ٧ یاری، تەنها بە جیاوازی نیوە خاڵ (٠.٥) لەگەڵ پلەی دووەم، پلەی سێیەمی سەرکەوتووانەی بۆ زانکۆی جیهان – هەولێر مسۆگەر کرد.
لە کۆتایی پاڵەوانیتیەکەشدا دیارى بەسەر یاریزانانى براوە دابەش کرا و، پیرۆزبایی لە فێرخوازانى سەرکەوتوو کرا.



